ئەمڕۆ پێنجشەممە حیزبی شیوعی كوردستان لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان دژی گرانی و بەرزی نرخی شتومەك گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.
كوردۆ ساڵح بەرپرسی كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی کوردستان لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان دژی گرانبوونی خۆراك و لەپێناو دەستەبەركردنی مافەكانی هاوڵاتیان بە پشتگیری حزبی شیوعی گردبوونەوەیەکمان ئەنجام دا".
جەختیشیکردەوە: تەنها لە پارێزگای هەولێر ناڕەزایی دەرنابڕین بەڵكو لە سلێمانی و چەمچەماڵ و سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێم خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین.
هاوکات لە گردبوونەوەكەدا ژمارەیەك پەرلەمانتار كە بەشداربوون، واژۆیان كرد بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری سامانە سروشتیەكان بۆ پەرلەمانی كوردستان و كۆبونەوەیەكی بەپەلەی پەرلەمان سەبارەت بە گرانبونی نرخی خۆراك و سوتەمەنی ئەنجام بدرێت.