خشتەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گۆڕانكاری بەسەردا هات

هەرچەندە بڕیار بوو ئەم هەفتەیە مووچەی وەزارەتی ناوخۆ دابەشبكرێت، بەڵام گۆڕانکاری لە خشتەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرا و دواخرا بۆ هەفتەی ئایندە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، کەمێک پێش ئێستا گۆڕانكاری لە لیستی دابەشکردنی مووچەدا كرا و گەنجینە و بانكەكان ئاگاداركرانەوە كە رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە تەنها مووچەی هێزەكانی یەکەی (٧٠ و ٨٠) و وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان دابەشدەکرێت. 

هاوكات پەیجی هێزەكانی ناوخۆی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە، دابەشكردنی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ دواخراوە بۆ هەفتەی داهاتوو، مووچەی هیچ وەزارەتێكی دیكە لەم هەفتەیەدا خەرجناكرێت.

 ئەمرۆ سێشەممە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند" سبەی چوارشەممە مووچەی هێزەكانی (٧٠ و ٨٠)ی پێشمەرگە لەگەڵ مووچەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم خەرجدەكرێت و رۆژی پێنجشەممەش مووچەی وەزارەتی ناوخۆ دابەشدەکرێت". 

دوێنێ ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەكانی باجەكان و خانوبەرەی میری سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین لەسەر نەبوونی سیولەی سنورەكە كۆبوەوە و ئاماژەی بەوەکرد" وەكو پێویست ناتوانین داهاتی باج كۆبكەینەوە ئەمەش بوەتە گرفتێك بۆ نەبوونی سیولە (پارەی نەختێنە) ئەمەش وایكردوە هەندێك لە فەرمانگەكان موچەكانیان درەنگتر وەربگرن". 

ئەوەشی خستەڕوو: هیچ كەس و لایەنێك مافی ئەوەی نییە خۆی لە باجدان بدزێتەوە لە هەمان كاتدا دەبێت فەرمانبەر بزانێت ئەركی خۆی لە خزمەتكردنی وڵات و نەتەوەكەی چییە. 


PM:07:50:26/10/2021