جگە لە پارتی و پێکهاتەکان تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان كرد

دژی وەرنەگرتنی ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر پەرلەمانتارەکەی پارتی لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە، جگە لە پارتی و كەمینەكان، سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بایكۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەڕلەمانیان كرد. 

بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، بەهۆی وتنی قسەی نەشیاو لەلایەن پەرلەمانتارێکی پارتی و داواکاری بۆ سزادانی، گرژی و ئاڵۆزی لە پەرلەماندا دروستبوو و جگە لە پارتی و پێکهاتەکان، تەواوی فراکسیۆنەکانی یەکێتی، گۆران، کۆمەڵ، یەکگرتوو، نەوەی نوێ و سەربەخۆکان هۆڵی پەرلەمانیان بەجێهێشت و بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان کرد. 

هەرچەندە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا سەرۆكی فراكسۆنی پارتی داوای لێبوردنی كرد، بەڵام ئەو هەڵوێستە نەبووەتە جێگای ڕەزامەندی پەڕلەمانتاران و داوای سزادانی پەڕلەمانتارەكەی پارتی دەکەن.

هاوکات پارتی و پێكهاتەكان (٤٦) دەنگ بوون و پەرلەمانتارانی دیكەش بە (٣٢) دەنگ بوون، بۆیە دانیشتنەكەیان جێهێشت و دەڵێن" سوورن لەسەر سزادانی پەرلەمانتارەکەی پارتی". 

لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی کوردستاندا جەلال پەرێشان پەرلەمانتاری کوردستان لە کاردانەوەی ئەوەی پەرلەمانتارێکی دیکە باسی دەستگیرکراوانی بادینانی کرد چەند وشەیەکی نەشیاوی بەکارهێنا، ئەمڕۆش لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکەوە داوا دەکرا لەسەر ئەو رووداوە متمانە لە ناوبراو بسەنرێتەوە. 


PM:02:34:27/10/2021