وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی ئەیلولدا داهاتی نەوتی زیاتر ٦ ملیار و ٧٧٧ ملیۆن دۆلارە

وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی نەوتی مانگی ئەیلولی ڕایگەیاندو کە بەپێی داتاكانی كۆمپانیای سۆمۆ لە ماوەی مانگی ئەیلولدا داهاتەکەی ٦ ملیار و ٧٧٧ ملیۆن و ١٣٤ هەزار دۆلاربووە.

 لەو راگەیاندنەی وەزارەتی نەوتدا هاتووە کە كۆی هەناردەكردنی نەوتی خاو لە مانگی ئەیلولدا لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ٨٩ ملیۆن و ٢٢٤ هەزار و ٣٥٤ بەرمیل نەوت بووە. لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكیش كە لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردەكراوە، ملیۆنێك و ٩٢٢ هەزار و ٨٥٧ بەرمیل بووە، هەروەها هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی ئوردنەوە ٢٧٥ هەزار و ٢٧٤ بەرمیل بووە.

نرخی یەک بەرمیل نەوت فرۆشراوی مانگی ڕابردوو بەگشتی بە ٧٣ دۆلار و ٣٢ سەنت فرۆشراوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەموو مانگێک وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی نەوتی فرۆشراو و داهاتەکەی بڵاودەکاتەوە، هەرچی هەرێمە بە چەند مانگێک جارێک بڵاویدەکاتەوە



AM:11:46:28/10/2021