کێشەی دەرچوانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی چارەسەر كرا

لیژنە پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" ئەو خوێندکارانەی کە نمرەی (99%)یان بەدەستهێناوە لە پزیشکی گشتی وەردەگیرێن". 

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمان کوردستان ڕایگەیاند" ئەمڕۆ لەگەڵ ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبووینەوە و پرسی وەرنەگیرانی خوێندکارانی کۆنمرە بەرزەکانمان لە کۆلێژەکانی پزیشکی و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانیان تاوتوێ کرد".

ئەوەشی خستەڕوو: لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا ئەو خوێندکارانەی کە نمرەی (99%) و زیاتریان بەدەستهێناوە، لە کۆلێژی پزیشکی گشتی وەربگیرێن، بۆ ئەو مەبەستەش (58) کورسی خوێندن بۆ چارەسەری کێشەکانیان دابین دەکرێت.

شەوی ڕابردووش وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" ڕۆژی چوارشەممە بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەو زانکۆیانەی کۆلێژی پزیشکییان هەیە بەڕێوەچوو، لەو کۆبونەوەیەدا بەوردی داتا و ئامارەکان تاوتوێکران و ڕاسپاردەی گونجاو ئامادەکرا بۆ چارەسەری پرسی وەرنەگیرانی دەرچوانی کۆنمرە بەرزەکان لە کۆلێژەکانی پزیشکی". 

ئاماژەی بەوەشکرد: بۆ ئەم مەبەستە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو کۆدەبێتەوە بەمەبەستی بڕیاردانی کۆتایی لەسەر ڕاسپاردەکانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ چارەسەری ئەم پرسە.  


PM:01:36:29/10/2021