سەرۆکی نەوەی نوێ: لەمڕۆوە دەست بە دابەشکردنی بەنزینی (٥٠٠) دیناری دەکەین

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت" لە ئەمڕۆوە دەست بە دابەشکردنی بەنزینی ٥٠٠ دیناری دەکەینەوە". 

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە ئەمڕۆوە دەستبەدابەشکردنی بەنزین دەکەین لیتری بە ٥٠٠ دینار، سەرو یەک ملیۆن لیتر بەنزین ئامادەیە و دەستبەدابەشکردنی دەکرێت".

ڕوونیشیکردەوە: ئەم کارە لەپێناو ئەوە دەکەین خەڵک بزانێت کە ئێمە ئەو کارانەی پێش هەڵبژاردن دەمانکرد بۆ بانگەشە نەبووە و دوای هەڵبژاردنیش هەمان کار دەکەین. 

سەرۆکی‌ جوڵانەوەی‌ نەوەی‌ نوێ ئەوەشی خستەڕوو: نەوەی نوێ نە حکومەتی بەدەستەوەیە، نە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی بەدەستەوەیە، بەڵام خەڵک و تەنانەت حکومەتیش چاوەرێ دەکات نەوەی نوێ بەنزین دابەش بکات.

باسی لەوەشکرد: جوڵانەوەکەمان بۆ کاری هاوبەش لە بەغدا پڕۆژەیەکی ئاڕاستەی هەموو لایەنەکان کردوە کە سەرجەم خاڵەکانی لەبەرژەوەندی خەڵکدایە، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێک وەڵامی پڕۆژەکەی ئێمەی نەداوەتەوە، بۆیە جەخت دەکەینەوە وەڵامدانەوەی ئەو پڕۆژەیە پێشمەرجی ئێمەیە بۆ کاری بەیەکەوەیی لە داهاتودا. 


PM:12:15:01/11/2021