بەرپرسێکی باڵای داعش دەستگیرکرا

بەیانی ئەمڕۆ شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق دەستگیرکردنی بەرپرسی کارگێڕی ویلایەتی جەزیرەی رۆژئاوای نەینەوای رێکخراوی تیرۆرستی داعشی ڕاگەیاند. 

شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە پشت بەستن بە زانیاری وردی ھەواڵگری لە ناوچەکانی گەڕەکی (رەبیع و گوندی قادسیە) لە ناحیەی زومار لە رۆژئاوای نەینەوا، ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامدرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو چەکداری ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش دەستگیران، کە یەکێکیان بەرپرسی کارگێڕی ویلایەتی جەزیرەی رۆژئاوای نەینەوا بووە". 

لە بڵاوکراوەکەدا باس لەوەشکراوە، چەکدارەکەی دیکە ئەندامێکی چالاک بووە لە ناو سەربازگەی گشتی داعش و ھەردوو دەستگیرکراوەکە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکراوبوون.


AM:09:48:17/11/2021