مەسرور بارزانی: ئه‌وانه‌ی چوونەتە بیلاڕووسیا له‌بەر نەبوونی ئاسایش کۆچیان نەکردووە

‌مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە دیالۆگى مەنامە (٢٠٢١) لە وڵاتى بەحرێن بەشدارى لە پانێڵێکدا کرد و تیایدا باسى لە دۆخى هەرێم و پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و دیاردەى کۆچکردنى هاوڵاتیانى کوردستان کرد وتی" به‌رقه‌راركردنی سه‌قامگیریی له‌ هه‌رێم بێ قوربانیدان نه‌بووه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش پێویسته كار بۆ سه‌قامگیری به‌رده‌وام بكه‌ین". 

بەپێی راگەیەندراوێکى نوسینگەى راگەیاندنى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە پانێڵەکەدا سەرۆکى حکومەت ئاماژەى بەوە کردووە، هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌ پەناگەیەکی سه‌قامگیر له‌ ناوچه‌كه‌ و جەختی لەوەشکردەوە کە به‌رقه‌راركردنی سه‌قامگیریی له‌ هه‌رێمی كوردستان، بێ قوربانیدان نه‌بووه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش، پێویسته كار بۆ سه‌قامگیری به‌رده‌وام بكه‌ین.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پانێڵه‌كه‌یدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌‌ پرسی كۆچكردن کردووە وتوویەتى، كۆچكردن دیارده‌یه‌كی جیهانییه‌ و له‌ هه‌موو شوێنێك هه‌یه‌، به‌ڵام تۆڕی بازرگانانی مرۆڤ و هەندێک لایەنیش بۆ مه‌رامی سیاسی، بارزگانیان به‌ هاووڵاتییانی ئێمه‌ كرد و جه‌ختی كرده‌وه‌ کە ئەوانەی کۆچیان کردووە بە رێگەیەکی یاسایی و بە ڤیزا چوونەتە بێلاڕووس و لە بەر نەبوونی ئاسایش یان لە برسان کۆچیان نەکردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" مه‌سرور بارزانی له‌ به‌رده‌وامی وته‌كانیدا تیشكی خسته‌ سه‌ر دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو و پرسه‌ داراییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و وتی، له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا ته‌نیا بە لە سەدا پێنجی بوودجه‌ی عێراق پرۆژه‌کانی کوردستانمان ئەنجام داوە، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ لە سەدای ٩٥ی بوودجه‌ی عێراق چی لێهاتووە و له‌ چیدا خه‌رج كراوه‌؟".

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و کوردی سووریا، بەگوێرەى راگەیەندراوەکە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوانەی دانوستان لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق دەکەن نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو كوردانی سووریا ناکەن و نابێت به‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو كورد دانوستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق بکەن و دووپاتیكرده‌وه‌، کە ئەوان پشتیوانیی دیالۆگی كوردی – كوردی ده‌كه‌ن و گوتیشی: "به‌هۆی ده‌ستوه‌ردان و تاکڕەوی په‌كه‌كه‌وە، تا ئێستا گفتوگۆکان هیچ ئەنجامێکی نەبووە".


AM:10:13:20/11/2021