بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبێتەوە، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە پرسی خۆپیشاندانەکانى خوێندکاران و خەرجکردنى دەرماڵەکانیان و چەند تەوەرێکی تری گرنگ تاوتوێ دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەربارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییانەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم کۆدەبێتەوە و باس لە پرسی دەرماڵەکانیان دەکرێت.
شەوی ڕابردووش خوێندكارانی ناڕازی، لە ڕاگەیەنراوێكدا چەند داواکارییەکیان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کرد کە تیایدا (١٢) داواکاری لە خۆگرتبوو.
داواکارییەکانی خوێندکارانی ناڕازی بەم شێوەیەیە:
١- دابینكردنی دەرماڵەی ١٥٠ ھەزار دینار بۆ خوێندكاران (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران).
٢- بڕینی دەستی حزب لە زانكۆ و پەیمانگاكان.
٣- كاراكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بۆ باشتركردنی بژێوی خانەوادەكان.
٤- دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان.
٥- دامەزراندنی وانەبێژان.
٦- دەستكردن بە دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان.
٧- كەمكردنەوەی كورسی خوێندنی بەپارە بۆ ٥٪ لە زانكۆ حكومیەكان .
٨- باشكردنی دۆخی بەشە ناوخۆییەكانی ھەموو زانكۆكان.
٩- تێگەیشتن لەوەی ئەم جیلە شكۆ لەلای واتە خزمەتكردن و ھیچ ھێزێك ناتوانێ رایبگرێ و چوونە سەرجادەی بێ ئەنجام نابێ.
١٠- بەدادگایی گەیاندنی ئەو ھێزە ئەمنیانەی، كە ھێرشیان كردە سەر خوێندكاران.
١١- لابردنی باج و رسومات لە خوێندكاران لەكاتی وەرگیران و دەرچوونیان.
١٢- دەست بە جێ ئازادكردنی خوێندكارە دەستگیركراوەكان.