لە رانیەو پیرەمەگروون و بەردەقارەمان و گەرمیان خۆپیشاندان دەستیپێکردەوە

ئەمڕۆ پێنج شەممە دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوپێکردنی هێزێکی زۆر لە ناو شاری سلێمانی و شاروشارۆچەکەکان، خۆپیشاندان تا رادەیەک سنوردار کرابوو، سەرباری ئەو رێوشوێنە ئەمنیانە، لە رانییە لە بەیانییەوە خۆپیشاندانی خوێندکاران دەستیپێکردووەو، لە دوانیوەڕۆوە هێزەکان رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەتەوەوە، لە پیرەمەگروونیش هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانن.

بەپێی زانیاریەکانی پەیامنێری " سپی " لەباشووری سلێمانی لە ناوچەی بەردەقارەمان خۆپیشاندان دەستیپێکردۆتەوە، بەیانی ئەمڕۆش تا ئیستا خۆپیشاندانی گەرمیان درێژەی هەیەو چەند جارێک رێگای سەرەکی شارەکە و ناوچەکانی دەرەوەیان گرتووە.

ئەمڕۆ خۆپیشاندانی خوێندکاران پێیاننایە رۆژی پێنجەمەوەو لە رۆژی دووەمەوە تا ئەم ساتە خۆپیشاندانەکان توندتیژیان بەخۆیانەوە بینیووە، چەندان خوێندکار لە هەولێر و ناوچەکانی سلێمانی دەستگیرکراون و دەزگا ئەمنییەکان هەرچەندە ژمارەیەکیان ئازاد کردوون، بەلآم ئەو ژمارە راستەقینەیە راناگەیەنن کە چەندیان تا ئێستا لە زینداندا ماون، دوێنێش چوار رۆژنامەنووس لە سلێمانی دەستگیرکران، ئەمڕۆ لقی سلێمانی سەندیکا هەواڵی ئازادکردنیانی راگەیاند. 
 

PM:04:28:25/11/2021