حکومەتی هەرێم: له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ڕۆژانی ڕابردوو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی خۆیان هەستاون

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەربارەی خۆپیشاندانی چه‌ند رۆژی رابردووی خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستاون کە بریتییە لە پاراستنی ئارامی خۆپیشاندانەکان و پشتیوانیکردن لە داوا رەواکانیان بەشێوەیەکی مەدەنی".

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی له‌راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، حکومەتی هەرێم پشتگیری لە گشت داوا رەواکانی هاوڵاتیان دەکات، لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپیشاندان هەیە یاسای (ڕێکخستنی خۆپیشاندان) ژمارە (١١)ی ساڵى (٢٠١٠)، بەپێى ئەم یاسایە خۆپیشاندان مافێکى یاسایى و دەستورییە، بەپێی ئەم یاسایە هەر خۆپیشاندانێک لە هەرێمى کوردستان ئەنجامبدرێت، پێویستە پێشتر مۆڵەت وەربگیرێت و دەزگا ئەمنییەکانیش لەلایەن خۆیانەوە ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندەران و ماڵ و موڵکی گشتی ئەستۆ دەگرن لە کاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان. 

دەربارەی رووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم دەڵێت" بەپێی بەدواداچونمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی، رۆژی ٢١ی ئەم مانگە لە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و چەند شوێنێکی تر، ژمارەیەک قوتابی زانکۆ و پەیمانگاکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران بریتی بووە لە خەرجکردنی دەرماڵەی قوتابیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە و پێشتر لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە نارەزایەتییەکانیان ئاگادار کردوەتەوە، بەڵام مۆڵەتی فەرمییان نەبوو". 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان زیان بەر بەشێک لە ماڵ و موڵکی گشتی و بارەگای حزبەکان کەوتوە و هەندێک شوێن سوتاوە، خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ قوربانییەکی گیانی نەبوە، بەڵام چەند کەسێک برینداربون لە کارمەندانی پۆلیس و خۆپیشاندەران و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، لە هەمان کاتدا لیژنەی بەدواداچون پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامداوە دەستگیر کراوە. 

زێباری ڕوونیشیکردەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستاون کە بریتییە لە پاراستنی ئارامی خۆپیشاندانەکان و پشتیوانیکردن لە داوا رەواکانیان بەشێوەیەکی مەدەنی، لەلایەکی دیکەوە زانکۆ و دامەزراوە فەرمییەکان پشتیوانی لە داوای قوتابیان دەکەن و داوا دەکەن کە خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی ئاشتیانە گوزارشت لە داواکانیان بکەن و هیچ لایەک پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی. 


PM:04:27:26/11/2021