خوێندكارانی نارازی: ئەوانەی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و پارتی کۆبوونەوە نوێنه‌ری ئێمه‌ نین

خوێندکارانی نارازی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" ئەو گەنجانەی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و پارتیدا کۆبوونەوە، نوێنەری ئێمەی خوێندکاران نین و رێکخەر و بەشداری خۆپیشاندانەکانیش نەبوون". 

خوێندکارانی ناڕازی زانکۆو پەیمانگاکان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەیان بەوەکردووە" پاش ئەوەی دوێنێ چەند بەرپرسێکی پارتی و یەکێتی لەگەڵ ژمارەیەک گەنجدا کۆبوونەوە، دەرکەوتووە ئەو گەنجانە سەر بە رێکخراوی قوتابییان و خوێندکارانی پارتی و یەکێتین و بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی خوێندکارانی ناڕازی زانکۆ و پەیمانگاکانیان نەکردووە". 

ئەوەشیان خستەڕوو، ئێمە وەکو ژمارەیەک خوێندکاری ناڕازی خۆپیشاندانەکان ڕایدەگەیەنین کە ئەو کەسانەی بەشداری کۆبوونەوەکە بوون ڕێکخەرانی بێلایەنی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران نەبوون و ئەو کۆبونەوەیە لە سیناریۆیەک زیاتر بۆ کۆتایی هێنان بە ناڕەزاییەکان هیچی تر نەبووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لە کۆبوونەوەکاندا سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی تری حیزبی دەسەڵات، لە بری ئەوەی بەڵێنیان دابێت بە چارەسەرکردنی کێشەکە، سوکایەتییان بە خوێندکاران کردووە و هەروەها رایانگەیاندوە کە لە هیچ وڵاتێکی دونیادا نییە دەرماڵەی خوێندن بدرێت بە خوێندکار، هاوکات هەموو ئەو خوێندکارانەی لە پێشەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بوون و داوای مافەکانیان کردوین بانگهێشتی کۆبوونەوەکە نەکراون". 

دوای خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم، ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەك خوێندكاری زانكۆ و پەیمانگاكان كۆبۆوە و وتی" خوێندن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێم خۆڕاییە، بۆیە لە هیچ شوێنێکی دونیا نەبووە بە خۆڕایی بخوێنیت و داوای دەرماڵەش بکەیت".

شەوی ڕابردووش باڤڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ ماوەی هەشت كاتژمێر لەگەڵ بەشێک لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە دەباشان كۆبۆوە و پاشان لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" 
گوێمان لە داخوازییەکانی خوێندکاران گرت، ئەگەر حکومەت چارەسەری پێنەبێت، هەوڵەدەین بە میکانیزمێکی گونجاوەوە لە ڕێگەی حیزبەوە بتوانین شتێکیان بۆ بکەین". 

جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە، کە هیچ بەڵێنێکم بە خوێندکاران نەداوە. 


PM:07:38:29/11/2021