بەشێک لە خوێندکارانی ناڕازی باس لەوە دەکەن دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ
بافڵ جەلال تاڵەبانی و لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان، بەشێک
لەداواکارییەکانیان جێبەجێکراون.
محەمەد ئامانج، خوێندکاری زانکۆی سلێمانی و یەکێک لە نوێنەرانی خوێندکارانی
ناڕازی بۆ رۆژنامەنوسان باسی لەوەکرد، لەکۆبونەوەکانیان لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی
و بەرپرسانی حزبی و حکومی دیکە ژمارەیەک داواکارییان پێشکەش کردوە لەوانە گەڕانەوەی دەرماڵە، گەڕانەوەی شکۆ بۆ زانکۆکان،
نەهێشتنی رۆڵی حزب لە زانکۆکان، دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی بەشە ناوخۆییەکان، کەمکردنەوەی جیاوازی لەنێوان
زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان بەتایبەت لەڕووی وەرگرتنی کۆنمرەوە.
وتیشی "هەرچەندە لەئێستادا بەشێک لە داواکارییەکانیان
جێبەجێکراون وەک کشانەوەی هێزە ئەمنییەکان لەنزیک زانکۆکان، ئازادکردنی
خوێندکارانی بەشدار لە خۆپیشاندانەکان و دابینکردنی پێداویستی بۆ بەشەناوخۆییەکان،
بەڵام ئەوان چاوەڕێی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دیکەش دەکەن بەتایبەت بابەتی
گەڕانەوەی دەرماڵە کە داواکارییەکی سەرەکی خوێندکارانە".
ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو بۆ ماوەی چوار ڕۆژ خوێندکارانی
ناڕازی زانکۆ و پەیمانگاکان، لە چەندین
شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و چەندین خوێندکار
لەکاتی ڕووبەڕوو بوونەوەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.