خانەوادەی نەقیبە کوژراوەکەی سلێمانی داوا دەکەن کەیسەکەیان فەرامۆش نەکرێت.. (سپی) زانیاری ورد و وێنەی تۆمەتباری سەرەکی بڵاودەکاتەوە

خانەوادەی نەقیب محەمەد کە لەسەر کەیسێکی توندوتیژی لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی شەوی ٤ ی کانوونی یەکەم کوژراو، لەگەڵیدا سێ پۆلیسی تریش برینداربوون، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ناوی تۆمەتبارەکان لەلایەن ئەو خێزانەوە، داواش دەکەن کەیسەکەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە فەرامۆش نەکرێت.

ئاڵا لەتیف خوشکی نەقیب محەمەد لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاشکرای دەکات " لەدۆسێی تەقەکردن لە نەقیب محمد و هاوکارەکانی: (یوسف پشتیوان علی) و (پشتیوان علی مستەفا) ناوێک هاوکار بووە لە گواستنەوەی تاوانبارەکانی سەرەوە".

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، ئەو کەسەی تەقەی لە مەفرەزەکەی پۆلیس کردووە لەلایەن ژنەکەیەوە چەکەکەی بۆ هێنراوە، بەبێ ئەوەی مەفرەزەکەی پۆلیس لە ئۆتۆمبیلەکە دابەزن زۆر " لێزانانە " تەقەی لە ئۆتۆمبیلەکەی پۆلیس کردووە. بەو پێیەی نەقیب محەمەد لە پێشەوەی ئۆتۆمبیلەکە بووە زۆر بە قورسی پێکراوەو دواتر گیانی لە دەستداوە، هەروەها شۆفێرەکە و دوو پۆلیسەکەی تریش بەقورس و سووک برینداربوون.

دوای هێرشی باوکی ئەو تۆمەتبارە بۆ سەر ئەو مەفرەزەیەی پۆلیس، کەسێکی نزیک تۆمەتبارەکە    لەلایەن پۆلیسەوە داواکراوە بە گواستنەوەی تەقەکەرەکەو کوڕەکەی کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە لەسەر توندتیژی بەرامبەر هاوسەرەکەی کە ئێستا لەلایەن حکومەتەوە پارێزراوە.

هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ئەو شەوەو لە رۆژانی دوای رووداوەکە تا ئێستا لە هەوڵێکی زۆردان بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو تۆمەتبارە، بەڵام بەو پێیەی تۆمەتبارەکە مۆبایلی کۆڕەکی پێبووە کە زیاتر لەلایەن هەولێرەوە چاودێری مۆبایلە ژمارە کۆڕەکەکان دەکرێت، پرسی چاودێریکردنەکە دوا کەوتووەو، هێزە ئەمنییەکان دوا تەلەفونی ئەو تۆمەتبارەیان کۆنترۆڵکردووە کە لەناوچەی پێنجوێن بووە، هەربۆیە ئێستا هێزە ئەمنییەکان ئەگەرێکی ئەوەیان داناوە کە هەردوو تۆمەتبارەکە، باوک و کوڕەکە بەرێگای یاساغ چووبنە وڵاتی ئێرانەوە.

سەرەتای رووداوەکە پێشبینی دەکرا کە لەلایەن کادرێکی حیزبێکی باڵا دەستەوە کە خەڵکی سلێمانیەو لە هەولێر دادەنیشێت، یارمەتی هەڵهاتنی درابێت، بەڵام دواتر هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی بۆیان ئاشکرا بووە کە ئەو کادیرەی حیزبە باڵا دەستەکە ئاگای لە رووداوەکە نەبووەو دوور بووە لەو کێشەیەوە.

 تا ئێستا باوک و کوڕ کە هەردووکیان تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکەن و لەسەر چیای گۆیژە کۆشکی خواردن فرۆشتنیان هەبوو، تا ئێستا دەستگیر نەکراون. 

وێنەی بکوژی نەقیبەکەو بریندارکردنی سێ پۆلیسی تر..




PM:12:27:07/12/2021