وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم رووماڵی میدیایی بەرەکانی جەنگی قەدەغە کرد

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" رووماڵی میدیایی دەزگاكانی راگەیاندن، بۆ ناو بەرەكانی جەنگ و هێزەكانی پێشمەرگە قەدەغە كرا". 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بڕیاری شۆڕش ئیسماعیل٫ وەزیری پێشمەرگەی هەرێم، بۆ رێکخستنەوەی کاری میدیایی سەربازی و نەهێشتنی ئەو پەرتەوازییە میدیاییەی کە زیان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەگەینێت، رووماڵی میدیایی دەزگاکانی راگەیاندن، بۆ ناو بەرەکانی جەنگ و هێزەکانی پێشمەرگه، راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، بە تەواوی قەدەغەکرا. 

ئاماژە بەوەشکراوە، هیچ فەرماندە و پلەدار و پێشمەرگەیەک، رێگەی پێنادرێت، روونکردنەوە و چاوپێکەوتن، بەبێ گەڕانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامبدات. 

ماوەی چەند ڕۆژێکە چەکدارانی داعش جموجوڵ و ھێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی ھەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان دەستپێکردووەتەوە، بەھۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە (٣٠) پێشمەرگە و ھاوڵاتی سیڤیل شەھید بوون.


PM:03:51:07/12/2021