ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکان هێنا

نوێنەری خوێندکارانی زانکۆی ئیدارەی ڕاپەڕین رایدەگەیەنێت" خۆپیشاندان کۆتایی پێھات تا ئەو کاتەی بڕیاری خەرجکردنی پێشەینەی خوێندکاران جێبەجێدەکرێت". 

نوێنەری خوێندکارانی زانکۆی راپەڕین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لەمڕۆوە خۆپیشاندانی خوێندکاران کۆتای پێھات تا ئەو کاتەی بڕیاری خەرجکردنی پێشەینەی خوێندکاران جێبەجێدەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش خوێندکاران لە رۆژی شەممەوە دەچنەوە ناو ھۆڵەکانی خوێندن".

جەختیشیکردەوە، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم، ئەوا خوێندکاران دێنەوە سەر شەقام و بایکۆتی هۆڵەکانی نێو خوێندن دەکەن. 

دوێنێ سێشەممە لە نوسراوێکدا ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردبوو، بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان / سکرتاریەتی ئەنجوومەن ژمارە 15262 لە 7-12-2021 سەبارەت بە بڕیاری کۆبوونەوەی ژمارە 70ی ئەنجوومەنی وەزیران لە 24-11-2021 بڕیاردرا بە:
 
- راسپاردنی وەزیری دارایی و ئابووریی بۆ تەرخانکردنی خەرجکردنی پاڵپشتییەکی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەک پێشینەی مانگانە بە بڕی 7 ملیار و 250 ملیۆن دینار بۆ پاڵپشتیی خوێندکاران و چارەسەری گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاری.
 
- وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەم بڕیارە لە  1-1-2022 جێبەجێ دەکات بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 .


PM:12:15:08/12/2021