دەربارەی دابەزینی نرخی دۆلار بۆ (١٢٠) هەزار دینار زانیاری نوێ ڕاگەیەندرا

ئه‌ندامێکی لیژنه‌ی دارایی له‌ خولی ڕابردووی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دیناری عێراقی ده‌ڵێت" ئه‌ندامانی ره‌وتی سه‌در ده‌توانن به‌های (١٠٠) دۆلار بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ (١٢٠) هه‌زار دینار، به‌ڵام نایكه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌ زیاد ده‌كات".

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" ئەوەی ئەم مانگە دوو سەد ملیارەکە دێت هیچ گرفتێک نیە، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە دوو -سێ مانگی داهاتووە تا پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقە کە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت، لێرەدا دوو بۆچوون هەیە، بۆچونێک هەیە کە دەڵێت ئەم ڕێککەوتنە بۆ ساڵێک بووە لە کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی پێ دێت، من دەڵێم دەبێت هەرێم ئەمە قبوڵ نەکات و دەنگی ئەوە بەرزبێتەوە ناردنی ئەو دوو سەد ملیارە بەردەوام بێت تا پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق پەسەند دەکرێت چونکە ئەمە بۆ تەواو کردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، چونکە موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت هیچ پەیوەندییەکی بە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق نیە لە (٢٠١٤ و ٢٠٢٠) عێراق یاسای بودجەی نەبوو بەڵام موچەی فەرمانبەرانی عێراق هەر بەردەوام بوو". 

جەمال کۆچەر باسی لەوەشکرد، ئەو بڕە پارەیەی بەغداد دەینێرێت هاوکارییە هیچ پەیوەندیەکی بەوە نیە هەرێم ئیلتیزام دەکات یاخود نا، خۆ ئەگەر ئەوە پەیوەندی بە بە جێ بەجێکردنی ئەرکەوە هەبووایە ئەوە دەبوو بڕە پارەیەکی تر بووایە دوو سەد ملیار نەدەبوو، لە بودجەدا باسی یانزە ترلیۆن دینار بوو، بەڵام کە هەرێم پابەند نەبوو ڕێککەوتنێکی تر کراوە. 

جەختیشیکردەوە، بەغداد دەبێت ئەو بڕە پارەیە بنێرێت مانگانە، ئەگەر نەیاننارد، دەبێت وەفدێکی هەرێم بچێتە بەغداد پێیان بڵێ ئەو بڕە پارەیە بۆ هاوکاری فەرمانبەران و موچە خۆرانە، خۆ ئەگەر باسی ڕێککەوتنێکی سیاسیە ئەوا ئێمە نەمانبینیووە و کەس نازانێت ئەم ڕێککەوتنە بۆ ساڵێکە یاخود تا هاتنی پڕۆژە یاسای بودجەی داهاتووی عێراقە، کەس نازانێت ئەم ڕێککەوتنە چۆنە لەنێوانی چەند کەسێکە لە چوارچێوەیەکی تەسکدا کراوە خۆ ئەگەر ڕێککەوتنەکە بەوجۆرە کرابێت تا کۆتایی ئەمساڵ (٢٠٢١) ئەوا بێگومان دەوەستێت، خۆ ئەگەر تا پەسەندکردنی یاسای بودجەی (٢٠٢٢) وە، ئەوا پێویستە ئەو ڕێککەوتنە کارپێکردنی ئۆتۆماتیکی درێژ ببێتەوە. 


دەربارەی پێشبینی بۆدۆخی ئابوری بەتایبەت دۆخی فەرمانبەران لە ساڵی داهاتوو (٢٠٢٢)؟ جەمال کۆچەر وتی" ئەگەر بەراورد بکەین لە نێوان (٢٠٢٠ و ٢٠٢١) من لەو بڕوایەدام ساڵی داهاتوو (٢٠٢٢) دۆخی ئابوری زۆر باشتر دەبێت چونکە ئێستا نرخی نەوت بەرزتر بۆتەوە، وە ئێستا جموجۆڵی ئابوری و وەبەرهێنان هەیە، جگە لەوی هۆشیارییەکی شەقام هەیە کە بۆتە فشار لەسەر لایەنە سیاسیەکان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، ئەمانە هەمووی ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر دۆخی ئابوری". 

سه‌باره‌ت به‌دابه‌زاندنی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دیناری عێراقی، ئاشكرایكرد، ئەگەر سەدرییەکان حکومەت پێکبهێنن و بیانەوێت سیعری دۆلار بگەڕێننەوە کۆن (١٢٠ هەزار دینار) ئەوا دەبێت ڕوبکرێتە کورتهێنان کە حکومەتەکەیان بەمە بارگران دەبێت یا دەبێت (٢٣) ترلیۆن دینار قەرز بکەن کە ئەمە لە کوێ دەهێنن؟. 


PM:01:33:14/12/2021