پەروەردەی سلێمانی دەربارەی شەڕی نێو قوتابخانەکە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

پەروەردەی سلێمانی دەربارەی شەڕی ناو قوتابخانەیەکی ناحکومی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" شەڕی نێوان کەسوکاری دوو خوێندکار بووە و قوتابخانەکەش سەر بە حکومەتی ناوەندە". 

لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند" دوێنێ حاڵەتێکی نەخوازراو لە یەکێک لە قوتابخانەکان ڕوویدا، ئەو قوتابخانەیەی ئەو حاڵەتەی تێدا ڕوویداوە سەر بە حکومەتی ناوەندە و قوتابخانەیەکی ناحکومییە لە ڕووی دارایی و یاسایی و کارگێڕییەوە هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە بە ناوی قوتابخانەکانی العالمية المتحدة (مدارس العالمية المتحدة)".    
ئاماژەی بەوەشکردووە، کێشەی دوو قوتابی ھەبووە لەو قوتابخانەیە کارگێڕی قوتابخانەکە کەسوکاریان بانگ کردوون، یەکێک لە خوێندکارەکان دایکی لەگەڵیدا ھاتووەو ووتویەتی چاوەڕێم براکەم بێت، بەداخەوە کاتێک براکانی ھاتوون ئەم حاڵەتە چەکدارانە بووە و ئەو دیمەنە ناشایستە و ناپەروەردەییانە ڕوویدا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئیدانەی ئەم کارە دەکەین و ھەموو ھاوکاریەک دەکەین بۆ بە سزادانی ئەوانەی کە دەست درێژیان کردۆتە سەر ئەو ناوەندەی خوێندنەوە ھیوادارین ھەموو دامودەزگاکان بە تایبەت فەرماندە سەربازییەکان ڕێ لەم دیاردانە بگرن کە چەک بۆ بەرگریکردن لە خاک و ئەمن و ئاسایشە نەک بۆ تۆڵەکردنەوەی کەسی.

باسی لەوەشکردووە، خۆشتان دەزانن لە ئێستادا یاسای وەزارەتی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان لە ھەموارکردنەوەدایە داواکارین لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەم جۆرە دیاردانە یاسای تایبەت دەربکات بۆ پاراستنی ماف و گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران و پیرۆزی ناوەندەکانی خوێندن ھەر کەسێک ھەر لایەنێک لە چ ئاستێکدا بێت نابێت بەو شێوەیە ھەڵسوکەوت بکات وە سزای دادپەروەرانە دابنێت بۆ ئەو کەسانەی لەو شێوەیەن.

جەختیشیکردووەتەوە، داواکارین دام ودەزگاکان هەستن بە کاری خۆیان و دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە تا بە سزای خۆیان بگەن و دڵنیایی مامۆستایان و کارمەندانی بەڕێز و خوێندکاران دەکەین ئێمە ھەمیشە بەرگریان لێدەکەین وە پشت و پەنایان دەبین وە ڕێگە نادەین ھیچ کەسێک دەست درێژی لەو جۆرە بکاتە سەر ناوەندەکانی خوێندن.

شەوی ڕابردوو لە یەکێک لە خوێندنگە ناحکومییەکانی شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان کەسوکاری دوو خوێندکاردا دروستبوو، کە بە هۆیەوە کەسوکاری یەکێک لە قوتابییەکان و ژمارەیەک چەکدار بە جلی سەربازییەوە هێرشیانکردە سەر خوێندکارێک و باوکی. 


PM:01:47:24/12/2021