بۆ جاری دووەم هێنانەوەی تەرمی کۆچبەرە کوردەکان دواخرا

هێنانەوەی تەرمی قوربانیانی نۆكەندی ئینگلیز لە فەڕەنساوە بۆ هەرێمی كوردستان بەهۆی بوونی تەمومژەوە بۆ ٢٠ کاتژمێری تر دواخرا.

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی کانوونی یەکەم، بڵاویکردەوە، کەسوکاری قوربا‌نییەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی تەرمی ئەو کۆچبەرانە بوون کە بڕیاربوو بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێم، بەڵام بۆ جاری دووەم و بەهۆی بوونی تەم و مژ گەشتی ئەو فڕۆکەیەی کۆچبەرەکانی پێدەگوازرێتەوە دواخرا بۆ ٢٠ کاتژمێری دیکە.

کەسوکاری کۆچبەرەکانیش کە لە فڕۆکەخانە چاوەڕوانی هاتنەوەی تەرمەکان بوون و دواتر پێیان راگەیەنراوە کە ٢٠ کاتژمێری دیکە تەرمەکان دەگەنەوە هەرێم .

ئەمە لە کاتێکدایە ٢٤ی مانگی تشرینی دووەم، بەلەمێكی كۆچبەران لە ئاوەكانی بەریتانیا (نۆكەندی ئینگلیزی) ژێر ئاو کەوت، ٢٧ کۆچبەریان گیانیان لەدەستدا، كە دوای پشكنینی تەرمەكان لە پزیشكی دادی فەڕەنسا دەركەوت ١٦ كۆچبەریان خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون.



AM:09:30:25/12/2021