"ماوەی وەرگرتنی ڤاکسین درێژ کرایەوە"

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆجێبەجێكردنی بڕیارەكانی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆبووەوە و ژمارەیەك بڕیاری دەركرد.

ئەمڕۆ ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، هەروەها بڕیاریانداوە خۆكوتان بە ڤاكسین تاوەكو ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ درێژ بكەنەوە و دوای ئەو کاتە هەر فەرمانبەرێك و كارمەندانی ناوخۆ و پێشمەرگە خۆی نەكوتابێت بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

دەقی بڕیارەكان بەمشێوەیەی خوارەوە هاتووە:

ئەمشەو سێشەمە 2022.1.4، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیارعەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا، بۆجێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان كۆبۆوە و گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:-

یەكەم/ ماوەی پێدانی ڤاكسین تاوەكو 2022.1.20 درێژكرایەوە و پێویستە ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دام و دەزگاكانی حكومی لەسنووری پارێزگای هەولێر بە ھێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە، تاوەكو ئەم ڕێككەوتە ڤاكسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

دووەم/ ئەنجامدانی پشكنینی كۆرۆنا بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران، ئەوانەی لە دەرەوەی كوردستان دەگەڕێنەوە، پشكنینی خێرای كۆرۆنا لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و مەرزی حاجی ئۆمەران بۆیان ئەنجامدەدرێت.

سێیەم/ بەستنی (ماسك) بۆ ھەموو ئەو كەسانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە و ئەوانەشی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەكان دەبێتە ئیلزامی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكان چاودێری دەكەن.

چوارەم/ دەبێت هەموو ئەو گەشتیارانەی لەشارەكانی تری خوار و ناوەڕاستی عێراقەوە سەردانی هەولێر پایتەخت دەكەن پشكنینی كۆرۆنایان پێبێت كە ماوەكەی 72 كاتژمێری تێپەڕنەكردبێت، بەپێچەوانەوە كۆمپانیاكانی گەشتیاری بەرپرسیارن و دەخرێنە لیستی ڕەشەوە.

پێنجەم/ سەرجەم كارمەندانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، كارمەندانی كەرتی تایبەت (بازرگانی، ڕیستۆرانت، ماركێت، مۆڵ، چێشتخانە، یانەی شەوانە، هۆڵ) دەبێت ڤاكسین وەرگرن و ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێبكەن بەتایبەتی بەستنی (ماسك)، بەپێچەوانەوە دووچاری ڕێكاری یاسایی دەبنەوە و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە چادودێری دەكرێن.

شەشەم/ بۆ بابەتی پرسەدانان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەوقافی هەولێر ڕاسپێردرا ڕا و سەرنج و پیشنیارەكانیان پێشكەش بە وەزراەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بكەن تاوەكو بڕیار و ڕێنامایی نوێی لەبارەوە دەربچێت.

حەوتەم/ ئەگەرچی لە ئێستادا خۆشبەختانە ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان كەمبووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا مەترسییەكان هەرماوە و جدین، بەتایبەتی مەترسییەكانی هاتنی (ئۆمی كۆرۆن) كەخێرا بڵاودەبێتەوە، بۆیە لە پێناو سەلامەتی گشتیی و پاراستنی خۆتان و ئازیزانتان پابەندنی تەواوی ڕێنمایی و ڕێكارە تەندروستییەكان بن بەتایبەتی بەستنی (ماسك).

هەشتەم/ سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، دەبێت تەواوی ئەو رێكارانەی ژووری ئۆپەراسیۆن وەكو خۆی جێبەجێ بكەن، دەسەڵاتی تەواویشیان پێدەدرێت لە هەر شوێنێك پێویستی كرد رێكارەكان توندتربكەن.

نۆیەم/ ئەم رێكارانە لەكاتژمێر 12ی ئەمشەو 4 لەسەر 5ی 1ی 2022 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

2022.1.4




PM:09:05:04/01/2022