سەرۆکی هەرێم و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لیتوانیا کۆبوونەوە

ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێم و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لیتوانیا كۆبوونه‌وه‌ و هەردوولا هاوڕابوون كه‌ ده‌بێت ڕێگرى له‌ بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ و به‌كارهێنانى بۆ مه‌رامى سیاسى بكرێت. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم پێشوازى له‌ گاربریێلیوس لاندسبێرگیس وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لیتوانیا و شاندێكى یاوه‌رى كرد، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لیتوانیا، پرۆسه‌ى سیاسى و دۆخى عیراق به‌گشتى، به‌رده‌وامی هه‌ڕه‌شه‌ى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و پرسى كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ كه‌مپه‌كانى ئه‌وروپا، تاوتوێ كران.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لیتوانیا سوپاسى عێراق و هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ هه‌نگاوه‌كان و هاریكارى له‌ چاره‌سه‌ركردنى پرسى كۆچبه‌راندا و هیواى خواست ئه‌و هاوكارییه‌ى له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هاته‌ ئاراوه‌ وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ هاریكاریى هاوبه‌ش و بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى لیتوانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان فراون بكرێت، به‌تایبه‌تى له‌ بواره‌كانى مه‌شقى پیشه‌یى، په‌روه‌رده‌، بورسى خوێندن و چه‌ندین بوارى دیكه‌دا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى، سوپاسى لیتوانیاى كرد كه‌ به‌شێكه‌ له‌ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش و یارمه‌تیى عێراق و هه‌رێمى كوردستانى داوه، له‌باره‌ى پرسى كۆچیشه‌وه‌ دوپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌رگیز نابێته‌ به‌شێك بۆ دروستكردنى كێشه‌ بۆ وڵاتانى ئه‌وروپا".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ ده‌بێت ڕێگرى له‌ بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ و به‌كارهێنانى بۆ مه‌رامى سیاسى بكرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هاریكاریى هاوبه‌شى وڵاتان به‌تایبه‌تى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌وروپا، پێویسته‌. 


PM:04:10:17/01/2022