شەوانە دەچنەسەر ماڵەكانیان
ئەندامانی پارتی جارێكی دیكە لەخۆپیشاندەرانی مەخمور دەدەنەوە

لەپاش خۆپیشاندانەكەی خەڵكی مەخمور كە بەهۆی نەبوونی كارەبا‌و ئاوو سازدرا، ئێستا دۆخی مەخمور نائارامە‌و ئەندامانی رێكخراوو ناوچەی پارتی "شەوانە دەچنە سەرماڵی خەڵك‌و لێیاندەدەن".

رۆژی 15ی ئەم مانگە بەهۆی كەمی ئاو‌و چەندین خزمەتگوزاری دیكە، خۆپیشاندانێكی لەقەزای مەخمور سازدرا كە دواتر گرژیی‌و ئاڵۆزی لێكەوتنەوە بەهۆیەوە چەندین كەس برینداربوون، بەڵام بەوتەی باژێروانی گۆڕان لەو ناوچەیە، لەئێستادا ئەندامانی رێكخراوو ناوچەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڕەشە لەخەڵك دەكەن‌و شەوانەش دەچنەسەر ماڵی ئەو كەسانەی بەشداری خۆپیشاندانیان كردوە‌و لێیان دەدەن.

لەمبارەیەوە محەمەد حەمید مستەفا، باژێروانی موسڵ‌و مەخمور لە بزوتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە خۆپیشاندانەكەی 15ی مانگ، تایبەت بەسپی میدیای راگەیاند" خۆپیشاندانەكەی ئەو رۆژە كە بەهۆی كەمی ئاوو  كارەبا‌و نەبوونی گازوائیل بۆ موەلیدەكان‌و چەندین خزمەتگوزاری دیكە سازدرا كە پێشتری قایمقامی مەخمور‌و تەنانەت پارێزگاری هەولێریشیان لێ ئاگادار كردبووەوە، بەڵام هیچ وەڵامێكیان نەدابووە".

هەروەها وتی" خۆپیشاندانی ئەو رۆژە سەرەتا لە بازاڕ دەستی پێكرد‌و زۆر هێمنانە بوو، پاشان بریاربوو قایمقامی مەخمور بێت‌و قسە بۆ خۆپیشاندەران بكات، بەڵام نەهات، خۆپیشاندەرانیش بەرەو بینای قایمقامیەتی بەڕێكەوتن، بەڵام كەس لە بەرپرسان نەهاتن گوێ لەخەڵك بگرن. خۆپیشاندەران ماوەی سێ كاتژمێر رێگای مەخموریان گرت‌و پاشان ئۆتۆمبیلێكی ئاسایش هات كە بەرپرسەكێكی تیابوو بەناوی (ئ. م) جنێوی بەخەڵك دا‌و شۆفیرەكەشی تەقەی بەسەر خەڵكدا كرد.

باژێروانەكەی گۆڕان وتی" پاشان خەڵك هێرشیان كردەسەر ئۆتۆمبیلەكە‌و ئەوانیش هەڵاتن. بەڵام دواتر ئەو بەرپرسە سكاڵای لەسەر ژمارەیەك خەڵك تۆمار كرد كە بەشێكیان هەر ئاگایان لەو خۆپیشاندانە نەبوو ‌و، رۆژی 16ی مانگ ژمارەیەك خەڵكیان دەستگیركرد‌و كە زۆربەیان لێدانیان خوارد".

بۆ رۆژی دواتر خەڵك بڕیاریاندا خۆپیشاندان بكەنەوە‌و بۆ ئەوەی رێگا نەگرن، بڕیاربوو بچنە چیای قەرەچوغ، بەڵام لە هەولێر‌و دەوروبەری مەخمور پارتی هێزێكی زۆری نارد‌و رێوشوێنی توندی ئەمنییان لەناوچەكە دروستكرد.

بەوتەی محەمەد حەمید، پارتی ژمارەیەكی زۆر لەئەندامانی رێكخراوو ناوچەكانی خۆی وەك شەمامك‌و سەرگەڕان‌و هەولێر‌و دێگەڵە بە چەك‌و دارەو هێنایە مەخمور‌و ئێستا ناوچەكە زۆر ئاڵۆزە.

وتی " ئەندامانی رێكخراوەكانی پارتی پێرەشەو چوونەتە سەر ماڵی ژمارەیەك لەو كەسانەی بەشداری خۆپیشاندانەكە بوون‌و لێیانداون یان ترساندویانن".

وتیشی: بۆ ئەم مەبەستە ئێمە كۆبوونەویەكمان بە بەشداری نوێنەرانی یەكێتی، یەكگرتوو ‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكێتی نەتەوەیی سازدا‌و دواتر رەشنوسی كۆبوونەوەكان ئاراستەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، كە حكومەت بڕیاریدا بۆ لێكۆڵینەوە لەو رووداوانە لیژنەیەك دروست بكات‌و وەڵامی داواكارییەكان خەڵك بداتەوە.

محەمەد حەمید مستەفا، باژێروانی موسڵ‌و مەخمور لە بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشدا هەر ئەمرۆ لیژنەیەك لە پەرلەمانی كوردستان كە لە نوێنەرانی یەكێتی‌و پارتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتوو پێكهاتبوون سەردانی قەزای مەخموریان كرد‌و قسەیان لەگەڵ خەڵك‌و قایمقام كرد، بڕیاریشە هەر ئەمرۆ سەردانی پارتی بكەن‌و لە كێشەكە بكۆڵنەوە.

لەلایەكی ترەوە قایمقامی قەزای مەخمور ئیبراهیم شێخه‌ڵا به‌ ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نداۆڵی ڕاگه‌یاند '' گردبوونه‌وه‌که‌ له‌ لایه‌ن کادر و لایه‌نگرانی یه‌کێتی و گۆڕانه‌وه‌ ڕێکخرا بوو که‌ کێشه‌ی که‌می ئاویان بۆ تێکدانی ڕه‌وشی شاره‌که‌ قۆسته‌وه‌''.

قائیمقامی مه‌خمورباسی لەوەشکردوە : هه‌ریه‌که‌ له‌ گۆڕان و یه‌کێتی گله‌یی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌ له‌ پۆسته‌کانی ئیداره‌ی موخموردا به‌شدار نین و ده‌یانه‌وێ به‌شدار بن بۆیه‌ به‌ بیانوی که‌می ئاو و ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان ده‌یانه‌وێت ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌ننکه‌ ئه‌مه‌ش جێی قبوڵ نییه‌.



PM:05:08:17/07/2014