شاندی پارتی و یەكێتی بە جیا سەردانی بەغدا دەكەن

شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەمەبەستی كۆكردنەوەی دەنگ بۆ كاندیدانی سەرۆك كۆمار بە جیا سەردانی شاری بەغدا دەكەن.

 

بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ (سپی)، ئەو دوو شاندە باڵایە لە یەكێتی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، لە پارتیش نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی بە جیا سەردانی بەغدا دەكەن بۆ ئەوەی هەریەكە و دەنگ بۆ كاندیدی خۆیان كۆبكەنەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار.

 

رۆژی دووشەممەی رابردووش لەسەر دەستپێشخەری مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر، سەردانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدریان كرد بۆ ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداری حكومەتی نوێ بكەن بەپێدانی جێگری سەرۆك وەزیران و پێنج وەزارەت، نوری مالكیش بكرێتە جێگری سەرۆك كۆمار، بەڵام تائێستا سەدر وەڵامی ئەرێنی بۆ ئەو دەستێشخەرییە نییە، دوای سەردانی ئەو شاندەش بۆ لای، لە یەكەم پۆست سەدر رایگەیاند، حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی.

 

 

بڕیارە رۆژی 7ی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆببێتەوە هەریەكە لە بەرهەم ساڵح، كاندیدی یەكێتی، هۆشیار زێباریش كاندیدی پارتییە بۆ ئەو پۆستە لەگەڵ ژمارەیەك كاندیدی دیكەی كورد.



PM:02:28:02/02/2022