رێكخراوی جاسەنە: داخستنی (رووداو) لە رۆژئاوا و گرفتی ئازادی رۆژنامەگەری لە باشور بەردەوام دەبێت


دوای چەندینجار رێگرتن و فشار خستنەسەر، دواجار بەرێوەبەری خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان رۆژی ٥ ی شوباتی ٢٠٢٢ كارەكانی میدیای (رووداو)ی لەسەرتاسەری رۆژئاوادا بە تۆمەتی "كاركردن دژی بەها مانەویەكانی گەل و هاندان و بڵاوكردنەوەی رق و كینە" قەدەغە كرد.

رێكخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و ئازادی میدیا رایدەگەیەنێت، داخستنی میدیای رووداو، ناتەبایە لەگەڵ پرەنیسپی  ئازادیی رۆژنامەگەری لەو پارچەیەی كوردستان كە خەڵكەكەی زیاترە لە سەدەیەك قوربانی نەبوونی ئازادی و دیموكراسیە، لە كاتێكدا بوونی فرەیی میدیایی لەهەر وڵاتێكدا كۆڵەكەیەكی سەرەكی هەر سیستەمێكی دیموكراسییە.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، داخستنی رووداو لە رۆژئاوای كوردستان و، میدیاكانی نزیك پارتی كرێكارانی كوردستان لە هەولێر و دهۆك و، ئازاردان و فشارخستنە سەر رۆژنامەنووسان لەو دوو پارچەیەی كوردستان، نابێت تەنها لە چاوی میدیایەوە تەماشابكرێت، بەڵكو هەموو ئەو هەنگاوانەی لە رۆژئاوای كوردستان بەرامبەر رووداو و میدیاكانی تری دەگیرێتە بەرو، ئەو هەنگاوانەی بەرامبەر میدیاكانی نزیك پارتی كرێكارانی كوردستان و رۆژنامەنووسەكانی دەگرێتەبەر لە باشوور، بەرئەنجامی دۆخێكی سیاسی و میدیایی ناتەندروستە كە لە كوردستاندا گوزەر دەكات و زەرەرمەندی یەكەمیش، هاووڵاتییە كە رێگری لێدەكرێت هەواڵ و زانیاریی جیاواز وەربگرێت‌و هەروەها رۆژنامەنوسانی ئەو كەناڵانەش زەرەرمەندن كە كار و پیشەی ژیانیان لەدەست دەدەن.

جاسەنە روونیكردۆتەوە، زۆرجار لە هەردوو پارچەی كوردستان میدیاكان و میدیاكاران دەبنە قوربانی سیاسەت و پەیوەندیی نێوان هێز و كەسایەتییە سیاسیە ناكۆكەكانی پارچەكانی كوردستان، هەر ناكۆكیەكی هاوشێوەی ئەو ناكۆكییەی لە نێوان حیزبەكانی باكور و رۆژئاوا هەیانە لەگەڵ حیزبەكانی باشووردا بە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر كاری میدیاكانیان دەكات و لەلایەنی بەرامبەرەوە كێشە و رێگری بۆ دروستدەكرێت و پێشێلكاری بەرامبەر میدیاكەو میدیاكارەكانی دەكرێت.

وەك جاسەنە ئاماژەی بۆ كردووە، رەنگە لەو دوو پارچەیەی كوردستان، رۆژئاواو باشور بۆ ماوەیەك دۆخی میدیای روو لە باشی بكات، بەڵام وەك دەبینین، گەر هەنگاوێك بەرەو پێش بچێت، لە پڕ چەند هەنگاوێك دەگەڕێتەوە بۆ دواوە، دۆخی میدیای كوردستان بەم شێوەیەی هەیە كە هەر خەریكی تۆمەتباركردنی یەكترین، هەرگیز ناگاتە دۆخێكی تەندروست كە فرەیی میدیا لە دایك بێت و ئازادی كاری میدیای دەستەبەربێت، هەربۆیە تێڕوانینێكی گشتگیر لە دۆخی میدیادا لە هەردوو پارچەی كوردستان باشوور و رۆژئاوا، رەنگە یاریدەدەرێك بێت بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەك، كە ئەویش لە ئێستادا گەیشتنە بە میساقێكی گشتی رۆژنامەنووسی لە نێوان رۆژنامەنووسانی باشور و رۆژئاوای كوردستان و، لە ئایندەشدا رۆژنامەنووسانی پارچەكانی تری كوردستان كە زەمینەی ئازادی تەواو خۆش بكات بۆ كاری رۆژنامەگەری.

جاسەنە دەڵێت، داخستنی رووداو و رێگا نەدان بە رووماڵ و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسانی نزیك میدیاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، هەردووكیان پێشێلكارین و سروشتی ئەو دەسەڵاتە پێشان دەدەن كە حوكمی كوردستان دەكەن، هەربۆیە نزیك بوونەوەی میدیاكارانی كەناڵە جیاجیاكانی پارچەكانی كوردستان و پشتبەستن بە كاری پیشەیی رۆژنامەنووسی هەنگاوە راستەكە دەبێت بە ئاراستەی دابینكردنی ئازادی كاری میدیایی. 
     



AM:12:05:07/02/2022