"بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی پینەكردنێكی مەترسیدارە بۆ دیارنەبوونی داهاتی نەوت و ناوخۆ"

ئەندامێکی په‌رله‌مانی كوردستان رایدەگەیەنێت" دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ڕابردوو به‌ داهاتی دوو مانگی نه‌وت، پینه‌كردنێكی مه‌ترسیداری وه‌زاره‌تی داراییه‌ بۆ دیارنه‌بوونی داهاتی نه‌وت و ناوخۆ". 

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك له‌ژێر ناوی (پینه‌كردنێكی مه‌ترسیداری وه‌زاره‌تی دارایی بۆ دیارنه‌بونی داهاتی نه‌وت و ناوخۆ) نوسیویه‌تی" وه‌زاره‌تی دارایی  كه‌ رایگه‌یاندوه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌ته‌كانی (شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، كاره‌با، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، خانه‌نشینی سه‌ربازی و شارستانی) زیاتر دوانه‌كه‌وێت، بڕیاریانداوه‌ له‌ داهاتی نه‌وتی مانگی دووی ٢٠٢٢ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی كانونی دووەمی ئه‌مساڵ به‌رده‌وام بێت، ئه‌مه‌ پینه‌كردنێكی زۆر زۆر خراپه‌، به‌ نه‌وتی دوو مانگ مووچه‌ی مانگێك، ئه‌ی مانگی دوو چی ده‌كرێت".

راشیگه‌یاندووە" به‌داخه‌وه‌ ئه‌م پینه‌كردنه‌ بۆ داپۆشینی دیارنه‌بونی داهاتی ناوخۆیه‌، ساڵی رابردو داهاتی ناوخۆ ئه‌مكاته‌ (٣٧٤) ملیار بوو بۆ ته‌مویلی مووچه‌، ئێستا (١٠٠) ملیاره‌، له‌ نه‌وتیش حه‌وت مانگه‌ هه‌ر (٣٥٠) ملیۆن دۆلار گه‌ڕایه‌وه‌ خه‌زێنه‌ی گشتی، مانگی پێشوو له‌ به‌رمیلێك (٢٥) دۆلار گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌".

عەلی حەمە ساڵح پەیامێکیش ئاڕاستەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت دەکات و دەڵێت" نەوت لەو پەڕی گرانیدایە، باج و رسومات زیادبووە، جوڵەی بازرگانی چالاکە، ئێستا نەتوانرێت موچە بدرێت و هەرچی پرۆژەیە وەستابێت کەی دەتوانرێت".

شەوی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، بڕیاریانداوە بە داهاتی نەوتی مانگی شووبات، بەردەوامی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بدەن. 

هەواڵی پەیوەندیدار: 


PM:11:21:17/02/2022