مەسرور بارزانی داوادەكات ئەمەریكا پێشمەرگە پڕچەك بكات

‌مەسرور بارزانی
سەرۆكی ئاژانسی پاراستنی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێك بۆ هەواڵنێری رۆیتەرز داوا دەكات ئەمەریكا‌و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە پڕچەككردنی پێشمەرگە هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن.

مەسرور بارزانی لەو لێدوانەدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە تا ئەو كاتەی وڵاتانی رۆژئاوایی لەسەرچاوەوە شەڕ لەگەڵ توندڕەوەكاندا نەكەن، لەكۆتاییدا دەبێت لەپشت سنورەكانی خۆیان لەگەڵ میلیشیا توندڕەوەكان بەرەوڕوو ببنەوە.

مەسرور بارزانی بە رۆیتەرزدەڵێت: گومانی لەوە هەیە كە سوپای عێراق بتوانێت بە بێ یارمەتی دەرەكی دەسكەوتەكانی میلیشیاكان وەربگرێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە جیهان بۆ بەرەوڕووبونەوە لەگەڵ چەكدارە توندڕەوەكان جیدی نیە.

سەرۆكی ئاژانسی پاراستنی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات كە هەرێمی كوردستان تا ئێستا توانیویەتی لەبەرامبەر توندوتیژیەكان لە باقی شوێنەكانی عێراق هەروەها سوریە، بەرگری لەخۆی بكات. هەرێمی كوردستان بەرەی سەرەكی شەڕ لەگەڵ تیرۆریزمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ناچالاكی وڵاتانی رۆژئاوایی مەترسی زیاتر دروست دەكات.

مەسرور بارزانی دەڵێت: گروپی داعش لە ئێستادا چەك‌و چۆڵێكی زۆر‌و مۆدێرنی لەبەردەستدایە‌و بە بڕوای ئەو هێزی پێشمەرگە بۆ بەرەوڕبوونەوە لەگەڵ داعش دەبێت لەوەی كە ئێستا هەیە زیاتر پڕچەك بكرێن.

ئەو دەڵێت: بۆ ئەم مەبەستە ئەمەریكا‌و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن.



PM:04:38:20/07/2014