"لەهەولێر بكوژی ژنێكی دووگیان دەستگیركرا"


هێزە ئەمنییەكان لە شاری هەولێر بكوژی ژنێكی دووگیانیان دەستیگركردوە كە 18 رۆژ لەمەوبەر كوژراوە.

سایتی كوردستان 24 بڵاویكردەوە، رۆژی 4ی ئەم مانگە تەرمێكی ژنێكی دووگیان لە گەڕەكی نازناز لەشاری هەولێر دۆزرایەوە، وەك ئەو سایتە ئاماژەی پێكردووە "پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوە كرد و بە گوێرەی راپۆرتی پزیشكی دادوەری ئەو ژنە بە دەست خنكێندرابوو".

سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاگادار لە لێكۆڵینەوەكان بە كوردستان24ی راگەیاندووە "ئەو ژنە نزیكەی سێ هەفتە بوو روویكردبووە شاری هەولێر و دووگیان بوو، لە شوێنی تاوانەكە دەست و پێی ژنەكە بەسترابوویەوە و دواتر خنكێندرابوو، بەهۆی ئەوەشی ژنەكە كەسوكاری لە هەولێر نەبوون، پۆلیس كاتێكی زۆرتری پێویست بوو بۆ دەستنیشانكردنی ناسنامەی بكوژەكە".

هەر بەپێی هەواڵی سایتەكە، ئەمڕۆش بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاندووە، هێزەكانیان بە هاوكاری هێزەكانی دژە تیرۆر و وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیس توانیان كەسێك بە ناوی (س.ج.ع) دەستگیر بكەن دەستگیركراوەكە بە تۆمەتی كوشتنی (ن.ع.ع) و بە گوێرەی حوكمەكانی ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی (1969) رووبەڕووی دادگا دەكرێتەوە.



PM:09:08:22/02/2022