لەتیف مستەفا: بڕیاری كەمكردنەوەی سزای سزادراوانی بادینان دەرەنجامی فشارەكان بوو


دادوەر لەتیف شێخ مستەفا رایدەگەیەنێت، مەرسوومی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ سزادراوانی بادینان لەئەنجامی فشارەكان بوو بەتایبەتی فشاری دەوڵەتان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ.

دادوەر لەتیف شێخ مستەفا رایگەیاندەووە، بەدڵنیاییەوە بڕیارەكە لەئەنجامی فشارەكانیش بوو بەتایبەتی فشاری دەوڵەتان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و فشارو نارەزایەتی ناوخۆ و وتویەتی "ئەمە سەركەوتنێكیشە بۆ ئازادی ڕادەربڕین و چالاكی مەدەنی كە جارێكی تر دەسەڵات بەئاسانی دەست بۆ  كاری ناشیرینی وا نەبات، وە دەزانێ كە بەئاسانی بۆی  ناچێتە سەر و تێناپەڕێ، چونكە زیانی گەورەی ھەبوو بۆ ناو ناوبانگی ھەرێم".  

بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی سزادراوانی بادینان رایگەیاند، مەرسومەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری لێخۆشبوون نییە، بەڵام بڕیاری سوككردنی سزاكەیە بە رێژەی 60%، بۆیە شەش مانگی دیكە ئازاد دەكرێن.    

دادگەی تاوانی هەولێر سالی رابردوو بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەكە لە شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گوهدار حەمەدەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەكی شەش ساڵ زیندانیكردن سزادا، ئەو بڕیارەش دەنگدانەوەی گەورەی لێكەوتەوە. 
   



PM:07:56:23/02/2022