بكوژی شۆفێرێكی پەرلەمانی كوردستان دەستگیركرا


بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیركردووە كە ئەم مانگە هاوڵاتییەكی لەناو شاری هەولێر كوشت.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر راگەیاند "پاش رووداوی كوشتنی هاوڵاتی (دڵدار حەمەدەمین مستەفا) لەرۆژی 10-2-2022، تیمەكانی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیمان هەڵسان بە ئەركی خۆیان و توانیان ئەنجامدەری ئەم تاوانە بدۆزنەوە بە ناوی (عەبدولقادر عەلی رەسوڵ) ناسراو بە (قادر قەلعە) و ئەمڕۆش شوێنەكەیان دەستنیشان كرد كە لە دەوروبەری شاری هەولێر بوو."
 
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە "لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە هێزێكی بەڕێوەبەرایەتیمان چوونە ئەو شوێنە بە مەبەستی دەستگیركردنی، بەڵام تاوانبار بە تەقەكردن رووبەرووی هێزەكە بووەوە و لە ئەنجامیشدا بە برینداری دەستگیركرا، ئێستا ئەو كەسەی دەستگیركراوە لە نەخۆشخانەیە و چارەسەر وەردەگرێت".

دڵدار مستەفا شۆفێرێكی پەرلەمانی كوردستان بووە و جگە لەو كارەی، ئیشی كڕین و فرۆشتنی دۆلاریشی دەكرد.



PM:07:23:26/02/2022