لیژنەی باڵای دیداری یەكێتی بڕیاریدا سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ دیداری یەكێتی سازبكرێت، كۆبوونەوەكانیش بۆ ئەو مەبەستە فراوان بكرێن.
ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری سكرتاریەتی جەلال تاڵەبانی و سەرپەرشتیاری دیداری یەكێتی، كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای دیداری یەكێتی لەشاری سلێمانی سازكرا.
بەپێی راگەیەنراوی سكرتاریەتی جەلال تاڵەبانی، كۆبوونەوەكە بڕیاریدا كۆڕو كۆبوونەوەكان فراوانتر بكرێن بەشێوازێك كە رەچاوی ناوچەی جوگرافیش بكرێت، بۆ ئەوەی زۆرترین راوبۆچوون لەسەر چۆنییەتی داڕشتنی دید و سیاسەتی یەكێتی بۆ بوارە جیاجیاكان ئامادە بكرێت تا كاتی بەستنی دیداری یەكێتی، هەروەها بڕیاردرا دیداری یەكێتی لەسەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ ببەسترێت.
بەوتەی بەرپرسانی یەكێتی، مەبەست لەو دیدارە بۆ قۆناغی رێكخستنەوە و نوێبوونەوەی ئەو حیزبەیە.