بڕی هەناردە و داهاتی نەوت بۆ مانگی رابردوو ئاشکراکرا

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی شووبات ئاشكراكرد و ڕایگەیاند" داهاتى نەوتى هەناردەکراو زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە". 

وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان لەمانگی رابردودا بڕی ٩٢ ملیۆن و ٧٩٠ هەزارو ١٧٣ بەرمیل نەوت لە كێڵگە نەوتییەكان هەناردەكراوە.

سەبارەت بە داهاتى ئەو بڕە نەوتەش، وەزارەتى نەوتى عێراق روونیکردۆتەوە، تێکڕاى نرخى نەوت لە مانگى شوباتدا (٩٢.٠٨٣) دۆلار بووە، بەوپێیەش داهاتى نەوت لەو مانگەدا هەشت ملیار و ٥٤ دۆلار بووە.

ئاماژەی بەوەشداوە" ئەو نەوتەی مانگی رابردوو هەناردەكراوە ٩١ ملیۆن و ٣١٤ هەزارو ٨٢٨ بەرمیلى لە کێڵگە نەوتییەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بووە و یەک ملیۆن و ٤٧٥ هەزار و ٣٤٥ بەرمیلیشى لە کەرکوکەوە بۆ بەندەرى جەیهان بووە، تێکڕاى هەناردەى ڕۆژانەش سێ ملیۆن و ٣١٤ هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا". 


PM:03:42:01/03/2022