وادەی ئازادكردنی پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان ئاشكرابوو


پارێزەری خۆبەخشی پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان رایدەگەیەنێت، رۆژنامەنووس شێروان شێروانی ماوەی هەشت مانگ، چوار رۆژنامەنووسەكەی دیكەش پێنج تا شەش مانگی دیكە ئازاد دەكرێن.

بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی سزادراوانی بادینان رایگەیاند "مەرسومەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی سزای پێنج سزادراوی ناوچەی بادینان ئەمڕۆ نێردرا بۆ دادگای تاوانی دووی هەولێر بۆ جێبەجێكردن، جگە لە شێروان شێروانی كە هەشت مانگی دیكە ئازاد دەكرێت، ئەوانی دیكە تەنها پێنج بۆ شەش مانگیان لە زیندان ماوە".

دادگەی تاوانی هەولێر رۆژی 16ی شوباتی 2021 بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەكە لە شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گوهدار حەمەدەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادا.





PM:08:40:01/03/2022