"مووچە لەکاتی خۆیداو بەبێ لێبڕین دابەش دەکرێت"

میدیای فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە زاری پەڕلەمانتارێكی حزبەكەی لە لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان ئاشكرای کرد، كە بەم زووانە مووچە بەبێ‌ لێبڕین دابەش دەكرێت دەڵێ، "لە چەند ڕۆژی داھاتوو موچە وەک خۆی بەسەر فەرمانبەر دابەش دەکرێت"

ئەمڕۆ ٥ی ئاداری ٢٠٢٢ شەممە، لیزا کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند، "ئەو زانیاریانەی باس لە لێبڕینی مووچە دەکەن ڕاست نین و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ بڕیارێکی نەداوە بۆ ئەوەی مووچە بە لێبڕینەوە دابەش بکرێت، لەبەر ئەوەش ھاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە لەوەی مووچە وەک خۆی دابەش دەکرێت و لێبڕین لە ئارادا نییە، لەچەند ڕۆژی نزیکیش دەست بە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکرێت".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئێمە نزیک دەبینەوە لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و بڕیاری ھەڵبژاردنی کوردستان دراوە، لەبەر ئەوەیش بڵاوکردنەوەی ئەو پڕوپاگه‌ندانەی باس لە لێبڕینی مووچە دەکەن ھەوڵێکە بۆ بانگەشە و بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست لەسەر حکوومەت. 



PM:02:55:05/03/2022