"داهاتی وەزارەتی کارەبا تەنها (10%)ی بۆ ئێمەیە ئەوی تر دەچێت بۆ بابەتی بودجە"

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" داهاتی وەزارەتی کارەبا تەنها 10% ی بۆ ئێمەیە ئەوی تر دەچێت بۆ بابەتی بودجە، چونکە ئەولەویەتی کابینەی 9 دابینکردنی موچەی موچەخۆرانە لەو 10% یەش، 8% بۆ پرۆژەکانە و 2% بۆ حەوافزی عەداد ئەوانەی دەچن داهات کۆدەکەنەوە، ئەوەی تر بۆ سووتانی وێستگە و گۆڕینی تۆڕەکانە و گەڕەکی تازە ئەوەش تەنها 8%". 

کەمال محەمەد وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" چەندین ساڵە لە وەرزی زستان خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت، ئەمساڵ دابین کردنی گازی کیرۆسین و ئەوانە نەبووە، هەروەها بەشداربووانی کارەبا ساڵانە لە 80 بۆ 90 هەزار ساڵانە زیاد دەکات، ئەو سوتەمەنیەی ئێمە پشتی پێدەبەستین بڕێکی زیاتر غازە کە نزیکەی 450 پێ سێ جا، ئەو بڕەش جێگیرە نزیکەی سێ هەزار و پێنج سەد بۆ سێ هەزار و پێنج سەد مێگا وات بەرهەم دێنین، خواست لەسەر کارەبا لە زستاندا دەگاتە نزیکەی 6500 مێگا وات، ئەگەر ئێمە باسی مانگی 12 بکەین یان مانگی 2 بکەین تەنها 12 کاتژمێر و 20 خولەک کارەبامان دابوو، ئەوە بارودۆخی کارەبایە بەڵام ئێستا لەم چەند هەفتەیە نزیکەی 13-16 کاتژمێر کارەبا دەدەین". 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کەی هەرێمی کوردستان وای لێدێت کێشەی کارەبای بە تەواوی نەمێنێت؟ لە وەڵامدا وەزیری کارەبای هەرێم وتی" ئێمە ژێر خانێکمان هەیە کە 6700 مێگاواتە، ئەگەر ئەمڕۆ سوتەمەنی هەبێت ئەو بۆ وێستگانەی ئێستا هەن دەتوانین 6700 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنین بەڵام ئەو غازەی هەمانە 450 پێ سێ جایە ئەوە بەش ناکات ئێستا ئێمە 14-15 یەکە هەریەکەی 425 مێگاواتە وەستاون و کارناکەن لەبەر بابەتی سوتەمەنی". 

دەربارەی داهاتی کارەباش وەزیری کارەبای هەرێم باسی لەوەکرد، داهاتی وەزارەتی کارەبا تەنها 10% ی بۆ ئێمەیە ئەوی تر دەچێت بۆ بابەتی بودجە، چونکە ئەولەویەتی کابینەی 9 دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانە لەو 10% یەش، 8% بۆ پرۆژەکانە و 2% بۆ حەوافزی عەداد ئەوانەی دەچن داهات کۆدەکەنەوە، ئەوەی تر بۆ سوتانی وێستگە و گۆڕینی تۆڕەکانە و گەڕەکی تازە ئەوەش تەنها 8%، واتە ئێمە داهات ڕادەستی وەزارەتی دارایی دەکەین لە 2021 داهاتی ئێمە 586 ملیار دینار بووە لەوە 10% بەردەستمان بووە ئەوی تری هەمووی دەچێت بۆ وەزارەتی دارایی، کە بەتێکڕا داهاتی مانگانەی وەزارەتی کارەبا، لە نێوان 45-50 ملیار دینارە، چونکە داهاتی 2021 هەمووی 585 ملیار دینار بوو. 

لەبارەی کۆبونەوەکەی رۆژی شەممەی ئەنجومەنی ئابوری هەرێمیش دەڵێت" ئەنجومەنی ئابوری داکۆکی دەکات کە هەموو وەزارەتەکان هەوڵبدەن داهاتی خۆیان زیاد بکەن، بەڵام ئەو بڕیارە پێویستە هەر لە ئەنجومەن دەربچێت، هەروەها نەگەڕانەوەی داهاتیش کێشەیە (نەگەڕانەوەی داهات لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم) ‌ ئەو قسە و کێشەیە‌ لەسەر هەموو وەزارەتەکان هەیە، وە بارودۆخی سیاسیش کاریگەری گەورەی لەسەر ئەو داهاتە هەیە، هیواخوازم کە ئەم کێشەیەش لەگەڵ بەغدا و لە هەرێمی کوردستان بەرەو چارەسەر بچێت چونکە بەڕاستی کاریگەری لەسەر هەمو وەزارەتەکان هەبوە یەکێک لەوانەش وەزارەتی کارەبایە". 


AM:09:45:07/03/2022