شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێم ڕایدەگەیەنێت" بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕێگریکردن لە چوونی بەرھەمی کشتوکاڵ و بەرھەمەکانی دیکەش بۆ عێراق، ئەمڕۆ شاندێکی حکوومەت سەردانی بەغداد دەکات". 

حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان لە لێدوانێکدا به‌ ماڵپەڕی فه‌رمی پارتی ڕاگەیاند" ئەمڕۆ شاندێکی ھاوبەشی نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و کشتوکاڵ سەردانی بەغداد دەکەن، لەبارەی چارەسەرکردنی چەند کێشەیەکی بواری کشتوکاڵ، لەوانە یەکخستنی ڕۆژنامەی کشتوکاڵی و گرفتی ڕێگریکردن لە چوونی بەرھەمی کشتوکاڵی بۆ عێراق، چونکە ئێستا ئەوەی ھەیە مریشک و ھێلکەیە کە ڕێگری لێدەکرێت". 

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێم ڕوونیشی کردەوە، لە ئێستادا بەرھەمی ناوخۆییمان کەمە و ھێشتا پێنەگەیشتووە کە زیاتر چوونی کەلوپەلی بازرگانیە، بەڵام دەمانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەین، بۆ ئەوەی بگەینە ڕێککەوتنێک لەبارەی ئەوەی ڕێگری نەکرێت لە چوونی ھەر بەرھەمێک لە ھەرێمی کوردستان بۆ عێراق، بۆ ئەوەی بەرھەمەکان ساخ بکرێتەوە و بازاڕی بۆ پەیدا بکرێت. 


PM:12:31:07/03/2022