سلێمانی.. سێ کەس بە تۆمەتی تەقە کردن دەستگیرکران

 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکرد، ئەو تۆمەتبارانەی لەگەڕەكی كوردستان تەقەیان لە یەكتر كرد و لە شوێنی ڕووداوەكە هەڵاتن دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا لەماوەیەكی كەمدا دەستگیربكرێن.

ئەمڕۆ ٧ی ئادار دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە دوای ئەوەی لەسنوری بنكەی پۆلیسی كوردسات دەنگی تەقە بیسترا، دەستبەجێ‌ مەفرەزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و زانرا، كە دوو لایەن شەڕیان كردووە و تەقەیان لە یەكتر كردووە و دواتر تۆمەتباران هەڵاتون.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە،  كە دەستبەجێ‌ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی كوردسات لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردو دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا لەماوەیەكی كەمدا دوو لەو تۆمەتبارانە لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی كوردساتەوە دەستگیربكرێن و دەستیش بگیرێت بەسەر چەكێكی جۆری كڵاشینكۆف و ئۆتۆمببێلێكدا.

ئەوەشخراوەتەڕوو، كە دواتر لەلایەن مەفرەزەكانی ئاسایشی سلێمانییەوە توانرا تۆمەتباری سێیەم دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر چەكێكی جۆری كڵاشینكۆف و لەئێستادا هەرسێ‌ تۆمەتبار (ش ، ج ، ر – ر ، ع ، ح – ش ، ج ، ر ) بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوان و دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا.



PM:05:02:07/03/2022