بكوژی كچەكەی هەولێر ئاشكرابوو


باوكی كچە كوژراوەكەی شاری هەولێر رایدەگەیەنێت "كوڕی خۆی واتە برای ئەو كچە، خوشكەكەی خۆی كوشتووە".

شەوی رابردوو كچێكی تەمەن 20 ساڵ بەناوی ئیمان مەغدید ناسراو بە ماریا، لەشاری هەولێر كوژرا، سامی مەغدید باوكی ئیمان بە ئێن ئارتی راگەیاندووە "من ئیشی لەحیم دەكەم، ئەمڕۆ لەگەڵ كەسوكار تەرمەكەیمان وەرگرتەوە و ناشتوومانە، زۆر نیگەرانم بەو رووداوە".

سەبارەت بەوەی دەوترێت كچەكەیان ئاینی خۆی گۆڕیوە، باوكی وتویەتی "بەڕەسمی نەمزانیوە ئاینی خۆی گۆڕی بێت".

سامی مەغدید وتویەتی "ماوەیەك بوو پەیوەندیم لەگەڵی نەبوو، چونكە كچەكە لە هیچ شوێنێك دانەدەنیشت، چوونە ژیانی هاوسەریش و  لەگەڵ مێردەكەی نەدەگونجا".

سەبارەت بەوەی كێ كوشتویەتی، باوكی دەڵێت "برای خۆی كوشتوویەتی كە دەكاتە كوڕی من، تائیستا خۆی رادەستی یاسا نەكردووە و لەهەوڵداین بۆ ئەوەی خۆی رادەست بكات، من دۆسیەكەم داوەتە دەست یاسا، چونكە جەرگم سووتاوە".


باوكی ئیمان ئاماژەی بەوەشكردووە "ئەو كوڕەم كە ئیمانی كوشتووە  جارجار لەگەڵ خۆم كاری دەكرد، منداڵە و تازە پێدەگات، بەڵام زۆر خەفەتی لە خوشكەكەی دەخوارد و چاودێری دەكرد، بۆیە شەوی رابردوو كاتێك خوشكەكەی بینیوە و كەمێك قسەیان كردووە و وتویەتی وەرەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام بە قسەی نەكردووە، دواتر كوشتویەتی".




PM:10:22:07/03/2022