" سپی " هۆکاری دابەشنەکردنی مووچەی دەڤەری سلێمانی بڵاودەکاتەوە


دوێنێ چوار شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیار دەدات بەبێ لێبڕین مووچەی مانگی شوبات دابەشبکرێت و پێنج شەممە مووچەی وەزارەتی تەندروستی دەدرێت، بەڵام لە دەڤەری سلێمانی دابەشنەکراو دواکەوت، " سپی " هۆکاری دواکەوتنی بڵاودەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکی هەرێم/ سلێمانی چوونەتە هەولێر بۆ وەرگرتنی پارەی مووچەی وەزارەتی تەندروستی دەڤەری سلێمانی، دوای چاوەڕوانی چەند کاتژمێرێک لە هەولێر، کاتژمێر ١٠،١٥ پێش نیوەڕۆ نوێنەرەکان پارەکەی سلێمانیان وەرگرتووە کە بڕەکەی ٢٢ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن بووەو بەڕێککەوتون کە بگەڕێنەوەو سلێمانی و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.

لەگەڵ گەیشتنی پارەکەش دەستکرا بە دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوبراودا لە دەڤەری راپەڕین.

بەپێی ئەو زانیاریانە، ئەو وەفدەی بەڕێوەبەرایەتی بانکی گشتی هەرێم/ سلێمانی کاتژمێر ٢،١٥ گەیشتوونەتەوە سلێمانی کە دەوامی فەرمی تەواو بووە، ئەمەش هۆکاری دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچە بووەو، هیچ هۆکارێکی سیاسی لە پشت نەبووە.

بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە لیزا فەلەكەدین، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندبوو "بەپێی بەدواچوونەكانم هەر ئەم بەیانییە بڕی ٢٢ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دینار لە داهاتی نەوت بۆ پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری نێدراوە بە مەبەستی دابەشكردنی مووچەی كارمەندانی وەزارتی تەندروستی لەو سنورە، بەڵام نازانرێت بۆچی تا ئێستا بانكەكانی سلێمانی بەبیانووی نەبوونی سیولە لە بانكەكان موچە دابەش ناكەن؟!".

هەروەها وتبوویشی " ئایا بۆ ئەوەیە هاوڵاتیان خۆپیشاندان بكەن و ناڕەزایی دژی حكومەت دەرببڕن؟ یان ئەمەش پیلانێكی دیكەی سزادانی خەڵكی سلێمانیە لە لایەن كاربەدەستانی ئەو  شارەوە؟".





PM:04:30:10/03/2022