سەرۆکی هەرێم: ڕێككەوتنی (١١)ی ئادار دەستكەوتێكی‌ مێژووی و هەرە دیاری گەلی كوردستانە

بەبۆنەی تێپەڕبوونی (٥٢) ساڵ بەسەر رێکەوتنی (١١)ی ئازار، سەرۆکی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت" ده‌بێت هه‌موومان له‌ عێراق په‌ند له‌و وانه‌یه‌ وه‌ربگرین و به‌ پاراستنى فیدرالیزم و مافه‌ ده‌ستورییه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كان، ئێستا و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ نه‌وه‌كانمان دابین بكه‌ین". 

لە بڵاوکراوەکەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە" ڕێكه‌وتنى (١١)ی ئازار گرنگترین ده‌ستكه‌وتى مێژوى نوێى تێكۆشانى ئازادیخوازیى گه‌لى كوردستانه‌ كه‌ بووه‌ یه‌كه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ى یاسایى و دانپێدانان به‌ مافه‌ ڕه‌واكانى، هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عیراق دواتر له‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ په‌شیمان بوه‌وه‌، به‌ڵام بووه‌ هۆى ناساندنى دۆزى گه‌لى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى جیهان و بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌سكه‌و‌ته‌كانى دواترى له‌ ڕاپه‌ڕین و دامه‌زراندنى قه‌واره‌ى ده‌ستوورى و فیدراڵی هه‌رێمى كوردستان". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عیراق ڕێزى له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بگرتایه‌، وڵات و داهاتوى نه‌وه‌كانى له‌ چه‌ندین شه‌ڕ و مه‌ینه‌تى ده‌پاراست و ئێستا عیراق به‌ ته‌واوى وڵاتێكى دیكه‌ى سه‌قامگیر و ئاوه‌دان و پێشكه‌وتوو ده‌بوو، ئێستاش ده‌بێ هه‌مومان له‌ عێراق په‌ند له‌و وانه‌یه‌ وه‌ربگرین و به‌ پاراستنى فیدراڵیزم و مافه‌ ده‌ستورییه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراق، ئێستا و داهاتویه‌كى باشتر بۆ نه‌وه‌كانمان دابین بكه‌ین.


PM:01:07:11/03/2022