ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سەرۆکی هەرێم و ئه‌ردۆغان بڵاوكرایه‌وه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری توركیا گفتوگۆ لەبارەی په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێم، هەروەها دۆخى عێراق و ئاڵنگارییەکانی به‌رده‌م پرۆسه‌ى سياسى له‌ عێراق کرا. 

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی كاره‌كانی كۆڕبه‌ندی دیپلۆماسیی ئه‌نتاڵیادا، له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا كۆبوه‌وه، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردولا باسیان له ده‌رفه‌ته‌كان و چۆنیه‌تی بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و فراوانكردنی بواره‌كانی هاریكاری هاوبه‌ش و پێشخستنی زیاتری جوڵه‌ی بازرگانی و ئابوری كرد.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، دۆخی عێراق و ته‌‌حه‌دییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌كه‌ بون، تیایدا هه‌ردولا هاوڕا بون له‌سه‌ر گرنگیی گه‌یشتنی هێز و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان به‌ لێكگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش و ده‌رچون له‌ چه‌قبه‌ستویی سیاسی و پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوی فیدڕاڵیی عێراق كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی بێت.

ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غداش، نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌ خواستی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ر‌كردنی یه‌كجاره‌كیی كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور دوپاتكرده‌وه‌.

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، هه‌ردولا دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی‌، شه‌ڕی دژی تیرۆر و مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كانیان تاوتوێ كرد و له‌سه‌ر گرنگیی كاركردن و هه‌وڵی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و نێوده‌وه‌ڵه‌تی بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری، هاوڕا بوون.


PM:05:22:12/03/2022