روونكردنەوە سەبارەت بە رێگریكردن لەدروستكردنی مزگەوتی گوندی ئەڵمانی دەدرێت


شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت "لایەنی جێبەجێكار لە دروستكردنی مزگەوت لە نێو گوندی ئەڵمانی رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی نەبووە". 

شارەوانی سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەك لە كەناڵی ئێن ئاڕتی، بە ھەموو لایەكی ڕادەگەیەنین كە ئەو پارچە زەوییەی مزگەوتەكەی لەسەر دروستكراوە ناوچەی قەدەغەكراوە (محرمە)یە، لەبەرئەوەی لەسەر بۆریی ئاو و پڕۆژەیەكی ئاو دروستكراوە كە بۆ گوندی ئەڵمانی دەڕوات، ھەمان ئەو بەندەی ڕێگری لە دروستكردنی بینا دەكات لەسەر ئاوەڕۆ ھەمان بڕگەش ڕێگری لە دروستكردنی بینا دەكات لەسەر پڕۆژەی ئاو".

رونكردنەوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە نیازی تێكدان و ڕوخاندنی ھیچ بیناو موڵكێكمان نییە چ جا ئەوەی بێتە سەر شوێنێكی پیرۆزی وەك مزگەوت، بەڵام پابەندبوون بە یاساو جێبەجێكردنی ئەركی ھەموو لایەكمانە".

هەروەها دەڵێت "بەڵام لایەنی جێبەجێكار ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی نەبووە. ئاشكرایە، دروست =كردنی مزگەوت كۆمەڵە ڕێكارێكی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پێویستە لایەنی جێبەجێكار نەخشەی پەسەندیی نەبووە. بۆیە دڵنیاتان دەكەینەوە ئەو لایەنە ھیچ جۆرە مامەڵەیەكی یاسایی بۆ دروست كردنی مزگەوتەكە وەرنەگرتووە".

شارەوانی سلێمانی وتویەتی "ئەو كارەی ئەنجاممان داوە بە ڕەزامەندی داواكاری گشتی و دادوەری لێكۆڵینەوەی زیادەڕۆیی بووە و پێشتریش سكاڵای وەبەرھێنانی لەسەر بووە، لە ھەمانكاتدا فەرمانی كارگێڕی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی بۆ دەرچووە. پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی بە نوسراوێك لە ساڵی (٢٠٢١) دا داوای لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی كردووە بە گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو پڕۆژەیە. چەند جارێكیش لە لایەن بەشی زیادەڕۆییی سەرۆكایەتییەوە ئاگاداركراوەتەوە".



PM:04:15:16/03/2022