وەزارەتی دارایی هێرشدەکاتە سەر بانکی سلێمانی و یەکێتیش بە ئاگادار لە پرۆسەی نەوت دەزانێت

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بانکی هەرێم/ سلێمانی دەستی بردووە بۆ سیولەی هاوڵاتیان، هەروەها لەسەر پرۆسەی نەوتی هەرێم، دەڵێت " یەکێتی ئاگادارە".

دەقی روونکردنەوەکە ..

ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە "زانیاری نادروست دادی چارەسەری كێشەكان نادات" ئێوارەی (14/3/2022) لە چاوپێکەتنێکدا، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەڕێز (دكتۆر عیزەت سابیر) سەرۆكی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان.

 هێرشێكی ناڕەوایی كردە سەر وەزارەتی دارایی و ئابوری كە گوایە " وەزارەتی دارایی بانكەكانی سلێمانی ناچار دەكات كە هەرچی داهاتیان هەیە بیدەن بە موچە بۆیە پارەیان نامێنێت بۆ خزمەتگوزاری و ئەم پلانەی وەزارەتی دارایی جێ بەجێی دەکات بۆ شاردنەوەی پرۆسەی فرۆشتنی نەوته‌ کە نا شەفافە." 

بۆیە بە گرنگ و پێویستمان زانی ئەم ڕوونکردنەوە بدەین بۆ ئەوەی ڕاستیەکان وەک خۆی و بە شەفافانە بەهەموو لایەک بگات:
- 1- وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هیچ شێوەیەك هیچ بانكێكی سلێمانی و بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی ئیجبار نەكردووە هەموو داهاتی ناوخۆ بدات بە مووچە بەڵکو ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی ئەولەویەتی داوە بە دابەشکردنی مووچە و باقیاتی کە دەمێنێتەوە.

 مانگانە هەبووە و لەبەر دەست بووە بۆ پێداویستیەکانی تر، بەڵام بە پێچەوانەوە بە درێژایی ساڵی 2021 بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی ڕێنماییەكانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی جێبەجێ نەكردووە، تایبەت بە چۆنیەتی دابەشكردنی سیولە و ئەولەویەتی موچە و سەربەخۆ ڕەفتاری كردووە. سەرئەنجام كێشەیەكی گەورەی سیولەی دروستكردووە و تەنانەت دەستی بردووە بۆ ئەو سیولانەش كە هی هاوڵاتیان و فەرمانگەكانی حكومەتن و لە ژمارە حیسابی خۆیاندا بووە و کە یاسا ڕێگە بە دەستكاریان نادات. 

2- پرۆسەی نەوت لە دەرهێنانی تا فرۆشتنی لەو ساڵانەدا بووە كە بەڕێز د.عیزەت سابیر پەرلەمانتار و سەرۆكی لیژنەی دارایی بووە و حیزبەكەشی بەشداربووە لە حكومەتدا و هەرچی تایبەتە بە پرۆسەی نەوت بێ ئاگاداری تیمی(یەكێتی) نەبووە لە كابینەی پێشوو و ئێستاش. ئەگەر هەڵەیەك هەبووبێت لەوێوە دەستی پێكردووە. نەك لە كابینەی نۆیەم و وەزارەتی دارایی ئێستا. 3- وەزارەتی دارایی تەنیا بەرپرس و ئاگادارە لەو بڕە داهاتەی نەوت كە مانگانە دەگاتە ئەژمێری وەزارەتی دارایی و بەس.

 پرۆسەی فرۆشتن لە هیچ كابینەیەكدا كاری وەزارەتی دارایی نەبووە و ئێستاش كاری وەزارەتی دارایی نییە. تەنیا بۆ زانیاری و سەلماندن بۆ ئەم دوو مانگەی دوایی بڕی داهاتی نەوت كە هاتۆتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی و لێی ئاگادارە بۆ مانگی (1) 486 و مانگی(2) 488 ملیۆن دۆلار بووە و بەس . 

ئەگەر دكتۆر داوای شەفافیەت دەكات حەقبوو پێش ئاماژەكردن بۆ وەزارەتی دارایی لەگەڵ تیمی یەكێتی بەشدار لە حكومەتدا ئەم پرسەی تاوتوێ بكردایە. چونكە بە ژمارەی وەزیر و پێگەیان لە پێشەوەن

... 4- زانیاری نادروست دادی چارەسەری كێشەكان نادات. بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی هەرچۆن دەستی بردووە بۆ ئەژمێری كەسی و تایبەتی و فەرمانگەكانی حكومەت، كێشەی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و دەرمانیش هەر لەوێوە سەرچاوەی گرتووە. 
تێبینی/ تێكڕای داهاتی ناوخۆی سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ شەش مانگی كۆتایی ساڵی 2021 نزیكەی 120 ملیار دینار بووە مانگانە.



PM:10:52:16/03/2022