روسیا: بۆردومانكردنی دامەزراوە نەوتییەكان لەلایەن ئۆكرانیاوه كاریگەری بۆ دانوستانەكان دەبێت


بەرپرسێكی حكومەتی روسیا رایدەگەیەنێت "بۆردومانكردنی دامەزراوە نەوتییەكانی روسیا لەلایەن هێزە ئاسمانییەكانی سوپای ئۆكرانیاوه لە كەرتی بیلگۆرۆد لە باشووری رۆژئاوای روسیا كاریگەری نەرێنیی لەسەر كەشتی دانوستانەكانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت".

میداكانی رووسیا لە زاری دیمیتری بیسكۆڤ، وتەبێژی كۆشكی كرملین سەبارەت بەوەی ئاخۆ بۆردومانكردنی دامەزراوە نەوتییەكانی روسیا لەلایەن ئۆكرانیاوە، رایگەیاند "ناكرێت ئەم هەنگاو وا سەیر بكرێت كە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر دۆخی بەردەوامیدان بە دانوستانەكانی نێوان مۆسكۆ و كیێڤ نابێت".

بەڵام ناوبراو رەتیكردەوە، هیچ وردەكارییەك لەبارەی هەڵسەنگاندنی زیانەكانی ئەو بۆردومانە بخاتەڕوو و ئاماژەی بەوەدا، خستنەڕووی ئەو وردەكارییانە لە دەسەڵاتی دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەكانە.

وتەبێژی كرملین جەختیكردەوە پێشكەوتنی هێزەكانی رووسیا لە ئاسمان لە میانەی كردە سەربازییەكەی لە ئۆكرانیا حەقیقەتێكی رەهایە.

ئەمڕۆ بەرپرسانی پارێزگاری كەرتی بیلگۆرۆد لە روسیا پشتڕاستیكردەوە، ئەو ئاگرەی لە دامەزراوە نەوتییەكان لە دووری 40 كیلۆمەتر لە سنووری ئۆكرانیا كەوتۆتەوە، لە ئەنجامی هێرشی دوو فڕۆكەی ئێلیكۆپتەری ئۆكرانیاوە بوو، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لەو هێرشەدا نەبووە.



PM:09:09:01/04/2022