لە هەولێر دابەشکردنی بەنزین گۆڕانکاری بەسەردا دێت

قائیمقامی ڕایدەگەیەنێت" سیستمی دابەشکردنی بەنزین بە تاک و کۆ بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغییە، ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت هەنگاوی دیکە دەنرێت". 

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند" پەیڕەوکردنی سیستمی تاک و کۆ لە بەنزینخانەکان بۆ بەنزینی (٦٩٠) دیناری، یەکێکە لە هەنگاوەکان بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاسانکاری".  

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە بوار بەو فەرمانبەرانە بدرێت کە دەچنە سەرەی وەرگرتنی بەنزین، چونکە کاتەکە لەگەڵ دەوامە، ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت رێگە چارەیەک بۆ فەرمانبەران دەدۆزینەوە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژانە پێویستمان بە زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزینە، ئەو بڕە بەنزینەی بۆمان دێت وەک پارێزگای هەولێر کە (٧٠٠ تا ٨٠٠) هەزار لیترە، بەو بەنزینەی کە لە حکومەتی عێراقیشەوە بۆمان دێت هیچ رۆژێک بڕەکە وەک خۆی نانێردرێت. 


PM:03:23:17/04/2022