كاتی كردنەوەی مزگەوتەكان بەبۆنەی شەوی قەدرەوە ئاشكرابوو

وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە، لە دوای 20ی رەمەزانەوە بەبۆنەی شەوی قەدرەوە دەرگای مزگەوتەكان لە شەواندا كراوە دەبن.
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێمی كوردستان بە (سپی) راگەیاند، لە 10 شەوی كۆتایی مانگی رەمەزاندا مزگەوتەكان كراوە دەبن و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەوقاف مەراسیمی تایبەت بە خۆیان دەبێت.
 
لە ئێستادا دوای نوێژی تەڕاویح دەرگای مزگەوتەكان دادەخرێن، بەڵام بە بۆنەی شەوانی قەدرەوە لە دوای 20ی رەمەزانەوە دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن.
 
شەوی قەدر، كە دەكەوێتە مانگی رەمەزان، لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، خێری پەرستش لەو شەوەدا بە هەزار مانگ حیساب كراوە. بەڵام بە دیاریكراوی نازانرێت چ رۆژێكی رەمەزانە، بەپێی فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلام ئەو رۆژە دەكەوێتە 10 رۆژەكانی كۆتایی مانگی رەمەزان.



PM:07:25:18/04/2022