بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی: گەر فریامان نەكەون منداڵان گیان لەدەست دەدەن


د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، نەخۆشخانەكان بە سواڵ و سەدەقە بەڕێوە نابرێن، ئەگەر فریایان نەكەون لە ڕۆژانی داهاتودا مناڵان بە هۆی نەبونی دەرمانەوە گیان لەدەست دەدەن.

د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی مناڵان لە سلێمانی بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە "قەیرانی كەمی دەرمان لەپێش هەمو نەخۆشخانەكانی تر لە ناو نەخۆشخانەكەی ئێمەدا سەریهەڵدا، ئێمە دەمێكە هاوار دەكەین لە نەبونی دەرمان، كەمی كارمەند لەهەمانكاتدا كەمی مادەی پێویست بۆ تاقیگەكان ئەویش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە لەبەرئەوەی نەخۆشخانەكەی ئێمە لە نۆژەنكردنەوە و گەورەبوندایە، بۆیە ژمارەیەكی زۆر زۆر لەنەخۆش سەردانی ئەم نەخۆشخانەیە دەكات لەگەڵ زیادبونی ژمارەی زۆر بەدڵنیاییەوە پێویستیەكانیش زیاتر دەبێت بۆئەوەی بۆ چارەسەری نەخۆش دابین بكرێت، بۆیە ئێمە سێ بۆ چوار مانگ پێش ئێستا پێش هەمو نەخۆشخانەكان داوامانكرد كە زو فریامان بكەون، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا نەهاتون بەدەنگمانەوە".

ناوبراو رونیكردوەتەوە "بەدڵنیاییەوە لە ڕۆژانی داهاتودا وردە وردە ئەو دەرمانانەش كەم دەبێتەوە بەدڵنیاییەوە مەترسی بۆسەر ژیانی هەزاران مناڵ دروست دەبێت، ئەوانەی پێویستیان بە چارەسەری كتوپڕ بەتایبەتی نەخۆشیە درێژخایەنەكان ئەوانەی شەكرەیان هەیە، یاخود نەخۆشی گەشكەیان هەیە، بەتایبەت بۆ ئەو خێزانانەی كە توانای كڕینی ئەو دەرمانانەیان نییە".

د.پشدەر ئاماژەی بەوەكردووە "ئەگەر قەیرانی دەرمان چارەسەر بكرێت بەدڵنیاییەوە مەترسیەكان زۆر كەم دەبێتەوە، بە تایبەتی ئەو كاتەی كە دەرمان دابین كرابێت و مەوادی تاقیگە دابین كرابێت، بۆ ئەوەی نەخۆش نەچێتە دەرەوە، چونكە هەموو نەخۆشێك بەتایبەتی مناڵان لە 0-16 ساڵ سەردانی ئێمە دەكات، ئەگەر نەخۆشیەكی كتوپڕ بێت بەدڵنیاییەوە هەندێك نەخۆشی پێویستی بەوە هەیە لەماوەی دەقیقەیەكدا دەرمانی بۆ بدرێتی ئەگەرنا دەمرێت یان لەماوەی دەقیقەیەك دەبێت پشكنینی بۆ بكرێت بۆئەوەی دیاری بكرێت تا ژیانی ئەو مناڵە ڕزگاربكرێت بۆیە ئەگەر لەماوەی ئەو چەند خولەكەدا ئەم دەرمانە ئێمێرجینسیانە نەبێت و ئەو پشكنینە خێرایانە نەبێت بەدڵنیاییەوە ژیانی ئەو مناڵانە دەكەوێتە مەترسیەوە، بەتایبەتی بۆ نەخۆشخانەكەی ئێمە یەكێك لەمەترسیە گەورەكانیش لەسەرمانە نەبوونی كارمەندی تەندروستی و پەرستاری زانكۆیە لەبەرئەوەی ئێستا نەخۆشخانەكە زۆر گەورەتر بوە بۆیە پێویستی زۆرمان بە پەرستار و كارمەندنی تەندروستی هەیە".



AM:11:24:22/04/2022