سەبارەت بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون هۆشداری دەدرێت


پارێزگای هەولێر دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بەهەموو شێوەیەكیش سەربرینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەكان قەدەغەكرا.

بەپێی راگەیەنراوێكی پارێزگای هەولێر، لەكۆبوونەوەیەكدا مەترسییەكانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون ئاشكراكرا، كە نەخۆشیەكی كوشندە و مەترسیدارە و لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ بەتایبەتی لەكاتی سەربڕینی لەڕێگەی خوێن یان خواردنی گۆشتی ئاژەڵی نەخۆش دووچاری مرۆڤ دەبێت و لەئێستاشدا لە چەند شارێكی عێراقی چەند حاڵەتێكی ئەم نەخۆشیە تۆماركراوە و چەند كەسێكیش گیانیان لەدەستداوە.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، سەبارەت بەو پرسە جگە لەوەی جەخت لەوەكرایەوە هەرچەندە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان هیچ حاڵەتێك بەدینەكراوە، بەڵام لە پێناو كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیەكە و سەلامەتی هاوڵاتییان چەند ڕێنماییەكی پێویست بۆ خۆپارێزی و بەرچاوڕوونی هاوڵاتییان لەلایەن پارێزگای هەولێر بڵاوبكرێتەوە.
  
هەروەها جەختكرایەوە لەسەر ئەوەی شارەوانییەكان بەهەموو شێوەیەك سەربرینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەكان قەدەغە بكەن و هەر كەسێك ئەنجامی بدات ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.



PM:09:04:27/04/2022