لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان سێ هاوڵاتی لە ئەنجامی ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٤ لەسەر رێگەی نارمان لە ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاماژە بەوەشدەکەن، هۆکاری سەرەکی رووداوەکە، بەهۆی تیژڕۆی ئۆتۆمبێلەکە بووە کە لە ئەنجامدا" رووداوێکی مەترسیداری سەختی لێکەوتەوە".
ئەوەشیان خستەڕوو، دوای رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان و ئەمبیوڵانس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم قوربانییەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە کە" تائێستاش باری تەندروستی بریندارەکان ناجێگیرە".
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە تورکیا و باکووری کوردستان ٥٥٥ هەزار و ٦٦٨ رووداوی هاتووچۆ روویانداوە کە ٢ هەزار و ٩٨٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٥٤ هەزار و ٣٢٣ کەسیش بریندار بوون.