مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی خۆپیشاندان سازدەکەن

‌وێنە.. ئەرشیف
مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازیی قەڵەمڕەوی ناوچەکانی سلێمانی رایانگەیاند کە لە رۆژی یەک شەممەوە ٨ ی ئایار دەستدەکەن بە خۆپیشاندانی بەرفراوان و بەردەوام.

لە راگەیاندنێکدا کە دانەیەکی بۆ " سپی " نێردراوە " ئێمە وەکو مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی خوێندنی باڵا لەسنوری سلێمانی ، بڕیارماندا بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەبەرواری 8/5/2022 لە ڕۆژی یەکشەممە".

لەو راگەیاندنەدا هاتووشە" ئەم خۆپیشاندانە بۆ چینی زانکۆ چارەنوس سازە، چونکە زنجیرە خۆپیشاندانێکی بەرفراوان و کاریگەر و بەردەوام دەبێت، ئەمەش بەهۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی ۳ کە ئێستە وا لەمانگی ٥ داین، ئەمەش بەهۆی ململانێی سیاسی و دوو ئیدارەیی هەرێم ".

لەو راگەیاندنەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە سەرباری وەستانی پلەبەرز کردنەوە بە نایاسایی ، کێشەی پێنەدان و دواکەوتن و نەبوونی پارە لەبانکەکانی سنووری سلێمانیدا لە کێشە هەرە باوەکانی ئێمەن و، دەڵێن" ئەمەش لە ئێستایا هیچ بیانوویەک نییە جگە لە دوو ئیدارەیی ، لەبەر ئەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێم فەشەلی هێناوە و لە ئێستادا تەنها ئیدارەی سنوری پارتی پێئەدرێت ، بەم هۆیەوە ئەم خۆپیشاندانانە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی چارەسەرێکی بنبڕ بۆ کێشەکانمان ئەدۆزرێتەوە".



PM:12:40:04/05/2022