وادەی دابەشكردنی دەرماڵەی خوێندكاران ڕاگەیەندرا

وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیاری دا بە دابەشكردنی دەرماڵەی مانگی سێی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان. 

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە تێیدا هاتووە" دەست بە دابەشكردنی پارەی مانگی سێی پاڵپشتی دارایی (دەرماڵە)ی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەكرێت". 

ئەوەش هاتووە" پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، بڕی (٤٠) هەزار دینار مانگانە وەك پاڵپشتی بۆ خوێندكارانی ناوشار و (٦٠) هەزار دیناریش بۆ دەرەوەی شار، كە بە سیستمی زانكۆلاین وەرگیراون خەرج بكرێ". 

لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان دژی بڕینی دەرماڵەی خوێندکاران بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد، کە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک خۆپیشاندانەکان بەردەوام بوو، تا حکومەتی هەرێم بڕیاری دا کە هەر خوێندکارێکی ناوشار مانگانە بڕی (٤٠) هەزار دینار و خوێندکارانی دەرەوەی شاریش بڕی (٦٠) هەزار دیناریان بۆ خەرج بکرێت.


PM:01:50:06/05/2022